لەسەر شەقامی گشتی کەرکوک بۆ بەغدا

له‌ خورماتوو ژنێک به‌هۆى رووداوى هاتووچۆوه‌ گیانی لەدەستدا

964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو

لە نێو سەنتەری قەزای خورماتوو ژنێک لە کاتی پەڕینەوەی لەسەر جادەی گشتی کەرکوک بۆ بەغدا ئۆتۆمبێلێک لێیدەدات و گیان لەدەست دەدات.
ژنەکە دایکی چوار منداڵە و تەمەنی 42 ساڵە، دانیشتوی گەڕەکی ئیمام ئەحمەدی خورماتووە.
عەلی فەلاح، بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو بە 964ـی وت، کەمێک پێش ئێستا ژنێکی برینداری تەمەن 42 ساڵ گەیەندرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەیان و دوای هەوڵدانێکی زۆر نەتوانرا ژیانی رزگار بکرێت چونکە برینەکەی سەخت بوو.
وتیشی “ژنەکە چووە بازاڕی بکات و لەکاتی گەڕانەوەی بەرەو ماڵ و پەڕینەوەی لەسەر شەقامی گشتی ئۆتۆمبێلەکە لێیداوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆتۆمبێلەکە بە تیژڕەوییەوە خۆی بە ژنەکە دا کێشاوە و سەری بەر شوستەی شەقامەکە کەوتوە و بەهۆییەوە توشی خوێنبەربوون بوبوو، دوای نیو کاتژمێر مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و لەدوای ئەو روداوەش شۆفێرەکە دەستبەجێ خۆی رادەستی بەرێوبەرایەتی پۆلیسی خورماتوو کردووە.
پێداچوونەوە؛ فه‌رهاد حه‌سه‌ن