ئۆتۆمبێلەکەی فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ - وێنە: 964
مەترسی دروست کردووە
بۆ ئۆتۆمبێلە شەکەتەکەی ئاوی قەڵادزێ داوایەک لە داواکاری گشتی کرا
964+
ئەحمەد مستەفا
دوای بینینی بەدواداچوونەکەی 964، دانیشتوویەکی قەڵادزێ کە سەرۆکی رێکخراوێکی مەدەنییە، داوای لە داواکاری گشتی پشدەر کردووە، بەرامبەر بە ناسەلامەتی ئۆتۆمبێلی فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ هەنگاوی یاسایی بنێ.
فەرمانگەیەکی گەورەو گران لە قەڵادزێ بە کۆنە ئۆتۆمبێلێکی شەکەت بەڕێوەدەبرێت کە زوو زوو پەکی دەکەوێت و ناچارن بۆ ساردکردنەوەی مەکینەکەی ئاوی پێدا بکەن، ناوە ناوەش ئیستۆپی نامێنێت و کاتی بارانیش ئاو دەچێتە ناوی.
ئۆتۆمبێلەکە لانگرۆزەرێکی مۆدێل 1981ـە، هەموو کارەکانی بەشی چاکسازی فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ بەڕێوە دەبات، بەختیار ئیبراهیم 10 ساڵە شۆفێری ئەم ئۆتۆمبێلەیە، بە 964ـە وت، ئۆتۆمبێلەکە هێزی نەماوەو لاشەکەی رزیوە، پارچەشی هەر دەست ناکەوێت.
جیهاد ئەحمەد ئەو هاونیشتمانییە کە داواکەی ئاڕاستەی داواکاری گشتی کردووە و ئەمڕۆ شەممە 23.8.2025 بە 964ی وت، لە شەقامەکانی شار هاتوچۆ دەکات و هیچ مەرجێکی سەلامەتی و توندوتۆڵی تێدانیە کە یەکانگریبێت لەگەڵ یاسا بەرکارەکان و رێنماییەکانی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆ و دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتییانی پیادەڕە و شوفێر و کارمەندانی میری.
ئەو هاوڵاتییە کە وێنەیەک لە داواکارییەکەی ئاڕاستەی رای گشتی و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و هاتوچۆ کردووە، دەڵی، وەک لە بڵاوکراوەی پێگەی فەرمی 964 وردەکاری و بەڵگەی تەواو خراوەتەروو، بەشاهیدی فەرمانبەرانی فەرمانگەی ئاوی قەڵادێ و وتەی شوفێرە خۆی، لەپێناو رێگریکردن لە رووداوی نەخوازراو سەلامەتی هاونیشتیمانیان، داواکارین لەبەڕێزتان بەزووترین کات رێکاری یاسایی بگرنەبەر.
ئەو فەرمانبەرانی ئاوی قەڵادزێ، بەو ئۆتۆمبێلە، کەتەر و مۆلیدەی کارەبا و ئامێری تری قورس دەگوازنەوە، لەگەڵ نزیکەی هەشت کرێکاری فەرمانگەکەیان، بۆ چاککردنەوەی بۆڕییەکانی ئاوی قەڵادزێ بۆ ناوشار و ناحیەکانی سەر قەزاکەش دەچن، رێگای سەخت و دوریشی تێدەکەوێت.
هەر ئەو هاوڵاتییە نا، بەڵکو چەند کەسێک لە خەڵکی قەڵادزێ لە سۆشیال میدیا داوایان کردووە ئۆتۆمبێلێکی تازە بۆ ئەو فەرمانگەیە بکڕدرێت و کۆنەکەش، وەک مۆنۆمێنێک لە ناو شاردا دابندرێت.
بۆ بەڕێز /داواکاری گشتی دادگای بەرایی پشدەر
بابەت/ داواکاری
بەرێز داواکاری گشتی دادگای بەرایی پشدەر داواکارین لە بەرێزتان رێکاری یاسایی بگرنەبەر بەرامبەر ئەو ئۆتۆمۆبیلەی فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ، کە لە شەقامەکانی شار هاتوچۆ دەکات و هیچ مەرجێکی سەلامەتی و توندوتۆڵی تێدانیە کە یێکانگریبێت لەگەڵ یاسا بەرکارەکان و ڕێنمایەکانی بەرێوبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی پیادەڕە و شوفێر و کارمەندانی میری لە فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ و زیانی ماددی وگیانی لێدەکەوێتەوە، وەکو لە بڵاوکراوەی پێگەی فەرمی 964 وردەکاری و بەڵگەی تەواو خراوەتە ڕوو بەشاهیدی فەرمانبەرانی فەرمانگەی ئاوی قەڵادێ و وتەی شوفێرە خۆی، لەپێناو ڕێگریکردن لە ڕووداوی نەخوازراو سەلامەتی هاونیشتیمانیان، داواکارین لەبەڕێزتان بەزووترین کات ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر.
لەگەڵ ڕێزدا.
کۆپیەک بــــۆ/
* ڕایگشتی قەزای پشدەر و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین/بۆ هەڵوێست و بەدواداچوون.
* بەرپرسی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین / بۆ ئاگاداری و بەدوادوچوون.
*بەرێوبەرایەتی هاتوچۆی ئیدارەی ڕاپەرین/بەشی ڕاگەیاند و یاسایی/ بۆ بەدواداچوون و کاری پێویست.
هاونیشتیمانی
جهاد احمد محمد