کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگای تاسڵوجە بۆ دوکان و بۆ بانی مەقان دەکەوێتە کار
+964
دیلان محەمەد
کامێرا خاڵ بۆ خاڵەکەی تاسڵوجە بۆ دوکان و بۆ بانی مەقام دەکەوێتە کار.
بەپێی زانیارییەکانی دەست تۆڕی964 کەوتووە، ئامادەکاری دەکرێت لەبەهاری ئەمساڵدا کامێرای تۆمارکردنی خێرایی کەناسراوە بە خاڵ بۆ خاڵ، لە مەفرەقی تاسڵوجە بۆ دوکان و بۆ بانی مەقام، بکەوێتە کار.
ئەندازیار ھەرێم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ئەندازەی ھاتوچۆی سلێمانی بە تۆڕی964ـی وت، لەئێستادا سەرجەم کارەکانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگای تاسڵوجە بۆ دوکان، تاسڵوجە بۆ بانی مەقان تەواو بووە و ئامادەن بۆ کار کردن.
ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا چاوەڕوانی وەزارەتی ناوخۆ دەکەین کە کامێراکانمان پێبدەن، ئەگەری زۆرە بۆ ئەم بەھارە بکەوێتە کار.
تۆڕی964 دەزانێت، لە تاسڵوجەوە بۆ دوکان بەهەردوو سایدەکەی 24 کامێرا هەیە، لە تاسڵوجەوە بۆ بانی مەقان 48 کامێرا هەیە.
بەڕێوەبەری ئەندازەی ھاتوچۆی سلێمانی، ئاشکرایکرد کە هاتوچۆ هیچ کامێرایەکی لەناو سلێمانی نییە، ئەوەی هەیە کامێرای ئاسایشی سلێمانییە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق