حەوتەم جارە خۆبەخشانە تەرم بۆ بەغدا دەگوازێتەوە
“خۆبەخشان تێچووی گواستنەوەی تەرمەکان لە ئەستۆ دەگرن”
ئەمەل ناجی-هەڵەبجە
حاجی رەزا عەلی، شۆفێری ئامبوڵانسە و خۆبەخشانە کاری گواستنەوەی تەرم دەکات لە سەیدسادق و هەڵەبجەوە بۆ شار و شارۆچکەکانی کوردستان و عێراق.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ گەشتیارێکی عەرەب لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە لە رووباری سیرواندا خنکا و دوای چەند کاتژمێرێک تەرمەکەی دۆزرایەوە و گواسترایەوە بۆ پزیشکی دادی هەڵەبجە.
هەر کە هەواڵی دۆزینەوەی تەرمەکە بڵاوبوویەوە حاجی رەزا خۆی گەیاندە پزیشکی دادی و تەرمەکەی برد بۆ مزگەوت و تا نوێژی لەسەر بکەن
حاجی رەزا قسەی بۆ 964 کرد و وتی، ئێمە لە وەتسئاپ گروپێکمان هەیە کە خۆبەخشی گواستنەوەی تەرمی لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی تێدایە و لە هەر شوێنێک پێویست بێ بە نامەیەک یەکتری ئاگادار دەکەینەوە و تەرمەکان دەگوازینەوە.
وتیشی، من ئەمە حەوتەم جارمە خۆبەخشانە تەرم بۆ بەغدا دەگوازمەوە و لە بەرامبەر گواستنەوەی تەرمەکاندا هیچ وەرناگرین و تەواوی تێچووی گواستنەوەشیان خەڵکی خۆبەخش دابینی دەکات.
پێداچوونەوە: شیرین ساڵح