کچێکی سلێمانی داهێنانی لەپێڵاو کرد

نابینا و نابیستەكان بەو پێڵاوە دەحەسێنەوە

+964

دیلان محەمەد – سلێمانی

کچێکی سلێمانی داهێنان لەپێڵاودا دەكات و ئیدی نابینا و نابیستەكان دەحەسێنەوە و لەبوونی هەر تەنێکی نامۆ کەدێتە رێگایان ئاگاداریان دەکاتەوە.

ئەو داهێنانەی ئەو کچەی سلێمانی لەپێڵاودا کردوویەتی دەنگ و هەززەیە کەبەهۆیەوە کەسانی نابینا و نابیست لەبوونی هەر تەنێک لەبەردەمیان یان کەدێتە بەردەمیان ئاگاداریان دەکاتەوە.

گرنگی داهێنانەکە بەقسەی کچە داهێنەرەکە بێت، لەدووری 50 بۆ 120 سانتیمەتر ئەو کەسە ئاگادار دەکاتەوە لەبوونی چاڵ یان گۆمی ئاو، یان هەر تەنێکی دیکە کەزیانی پێبگەیەنێت.

ھاجەر فەرھاد، ئەو کچە داهێنەرەیە کەپێلاوەكەی دروستکردووە و قسەی بۆ تۆڕی964 کردووە و دەڵێت، پێڵاوەکە ھەستیاری زیرەکی لەگەڵدایە ھاوکاری نابینا و نابیستان دەکات لەبوونی هەر تەنێک دێتە بەردەمیان.

هاجەر فەرهاد، قوتابی پۆڵی 10ـی بنەڕەتی کۆلیژی بەهرەدارەنە و تەمەنی 16 ساڵە، ئەو داهێنانەی یەکێک بووە لەداهێنانەکانی ساڵانە قوتابیانی کۆلیژەکە ئامادەی دەکەن بۆ پێشبڕکێیەکی کۆلیژەکە، بۆ ئەمساڵ پڕۆژەکەی هاجەر قبوڵ کراوە.

هاجەر فەرهاد، بۆ تۆڕی964 وتی “تێچووی کەلوپەلی بەکارهاتووە لەپێڵاوەکەدا 40 دۆلارە، خودی پێڵاوەکەش دەکەوێتەسەر خواستی کەسەکە”.

ئەو داهێنانە لەپێڵاودا لەکاتێکدایە ئێستا گۆچانی زیرەک هەیە کەنابینا و نابیست دەتوانن سوودی لێوەرگرن و یارمەتیدەریان دەبێت، بەلام ئەگەر داهێنانەکەی هاجەری قوتابی سەربگرێت و پێشبخرێت، ئیدی نابینا و نابیستەکان پێویستیان بە گۆجان نابێت.