ره‌زامه‌ندى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌

ته‌مه‌نى خانه‌نشینى به‌شێك له‌ زیندانی و گیراوە سیاسییه‌كانی هه‌رێم لە 60 ساڵەوە كرایه‌ 65 ساڵ

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

وەزارەتی کاروباری شەهیدان ده‌ڵێت، رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانیان وه‌رگرتووه‌، بە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ ئەو زیندانییە سیاسییانەی دەکەونە چوارچێوەی وەجبەکانی 9 تا 15 و هاوکاری (مینحە)ـی مانگانەیان نییە.

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی، لە راگەیەنراوێكدا كه‌ نووسراوه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیشی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، ئاشكراش ده‌كات، كه‌ دوای هەوڵێکی زۆری وەزارەت، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی داوە له‌سه‌ر ئەو زیندانی و گیراوە سیاسییانەی سەر بە وەجبەکانی 9 تاوه‌كو 15 و هاوکاری مانگانەیان نییە، بە بڕیاری درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 60 ساڵەوە بۆ 65 ساڵ سوودمەند بن.

ئەم بڕیارە پاڵپشتە بە بڕیاری ژمارە (191)ـی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە 15ـی کانوونی دووەمی 2025 دەرچووە.

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان جەختیشی کردۆتەوە، کە بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بەمەبەستی زیاتر خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی.