لاهور شێخ جەنگی: بە بڕیاری دادگا مافەکانم بۆ گەڕایەوە
964+
هێمن بەکر
لاهور شێخ جەنگی دەڵێت، بە بڕیاری دادگا مافەکانی بەدەستهێناوەتەوە و لەمڕۆوە دەستدەکاتەوە بە چالاکی حزبی لەناو یەکێتيى نیشتیمانيی کوردستان.
شەوی چوارشەممە، 22.2.2023، لاهور شێخ جەنگی ئەو قسانەی لە ڤیدیۆیەکدا کرد کە لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە.
ئەو باسی لەوەکرد، کە ئەگەر هاوڕێکانی قبوڵیشیان نەبێت ئەوا لەژێر ناوی یەکێتی و بە جیا خەریکی سیاسەت و چالاکی دەبن.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی “هەڵبژاردن یەکلاکەرەوە دەبێت کە کێ خاوەن جەماوەرە”.
دۆخەکە بەرەو بنبەستی تەواو دەڕوات لە هەرێمی کوردستان
باسی لەوەشکرد “ئیفلیجبوونی دۆخی سیاسی وامان لێدەکات بەقووڵی بیر لە چارەسەری کێشەکان بکەینەوە”.
ئەم هەنگاوەی لاهور شێخ جەنگی پاش ئەوە دێت، دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر نوسراوێکی بۆ ئەنجومەنی باڵای یەکێتی ناردووە و تێیدا بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی وەک هاوسەرۆک ناساندووە، لە بەرامبەردا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە پشت بەستن بە نوسراوێکی دەستەی دادوەری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتییە و سیستمی هاوسەرۆکی هەڵوەشاوەتەوە.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، لاهور شێخ جەنگی، لە نوسراوێکدا بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نوسیویەتی “سەرەڕای ئەوەی بەرامبەرم کراوە، بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە بەشێک دەبم لە چارەسەر بۆ کێشەکانی یەكێتی”. هەروەها ئەوەش هاتووە “ئەگەر سەرکردایەتی نەیتوانی بڕیاری پێویست بدات، هەر بڕیار و بەرنامەیەکی دیکە بەمافی خۆم دەزانم”.
کێشەکانی ناوخۆی یەکێتی لە 8ی تەمموزی 2021 گەیشتنە لوتکە کاتێک لاهور شێخ جەنگی و کەسە نزیکەکانی لە دەسەڵات دوورخرانەوە و لەو دەزگایانەی بەرپرسیارێتیان تیایدا هەبوو سڕکران.
دواتر لە 15ی هەمان مانگ، لە مەکتەبی سیاسی حزبەکە، لاهور شێخ جەنگی ناچارکرا دەست لە دەسەڵاتەکانی وەکو هاوسەرۆکی یەکێتی هەڵبگرێت.