لاهور شێخ جه‌نگى: له‌مڕۆوه‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانم به‌كارده‌هێنم

964+
هێمن بەکر

لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی ئاڕاستەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتيی نیشتیمانيی کوردستان کردووە و دەڵێت، لەمڕۆوە هەموو دەسەڵاتە “یاسایی و پەیڕەوییەکان”ی خۆی بەکاردەهێنێتەوە وەکو هاوسەرۆک.

ئەم هەنگاوەی لاهور شێخ جەنگی پاش ئەوە دێت، دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر نوسراوێکی بۆ ئەنجومەنی باڵای یەکێتی ناردووە و تێیدا بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی وەک هاوسەرۆک ناساندووە، لە بەرامبەردا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە پشتبەستن بە نوسراوێکی دەستەی دادوەری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتییە و سیستمی هاوسەرۆکی هەڵوەشاوەتەوە.

لاهور شێخ جەنگی، لە نوسراوەکەیدا بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت “سەرەڕای ئەوەی بەرامبەرم کراوە، بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە بەشێک دەبم لە چارەسەر بۆ کێشەکانی یەكێتی”.

هەروەها دەشڵێت “ئەگەر سەرکردایەتی نەیتوانی بڕیاری پێویست بدات، هەر بڕیار و بەرنامەیەکی دیکە بەمافی خۆم دەزانم”.

“له‌ دواى رووداوه‌كانى 8ى ته‌مموزه‌وه‌ كه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ى له‌ناوخۆى حزبه‌كه‌مان هێناوه‌ته‌ كایه‌وه‌، من له‌و كه‌سانه‌ بووم كه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵمداوه‌ كێشه‌كان به رێگه‌یه‌كى په‌یڕه‌وى چاره‌سه‌ر بكرێن” لاهور شێخ جەنگی وا دەڵێت.

کێشەکانی ناوخۆی یەکێتی لە 8ی تەمموزی 2021 گەیشتنە لوتکە کاتێک لاهور شێخ جەنگی و کەسە نزیکەکانی لە دەسەڵات دوورخرانەوە و لەو دەزگایانەی بەرپرسیارێتیان تیایدا هەبوو سڕکران.

دواتر لە 15ی هەمان مانگ، لە مەکتەبی سیاسی حزبەکە، لاهور شێخ جەنگی ناچارکرا دەست لە دەسەڵاتەکانی وەکو هاوسەرۆکی یەکێتی هەڵبگرێت.