فێستیڤاڵی شانۆی سەقز بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت
شانۆکارە ناسراوەکەی ئێران و کوردستان بووە سکرتێری فێستیڤاڵی سەقز
ژێوار خدر
دکتۆر قوتبەدین سادقی، نووسەر و دەرهێنەری ناسراو، وەک سکرتێری بیستەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی کوردیی سەقز دیاریکرا.
ئەم بڕیارە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی پارێزگای کوردستانەوە دراوە، بەو پێیەی سادقی یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی شانۆ لە ئێران و چاوەڕوان دەکرێت ئەزموونەکەی ببێتە هۆی نوێبوونەوەی فێستیڤاڵەکە دوای 19 خولی بەردەوام.
گرنگترین ئامانجەکانی ئەم خولەی فێستیڤاڵ:
پەرەپێدان بە کەلتوور، زمان و ئەدەبیاتی کوردی
خوڵقاندنی تێڕوانینی نوێ و داهێنەرانە بۆ نەریتە کۆنەکانی کوردستان
دۆزینەوەی بەهرەی نوێ و گەنج لە بواری شانۆدا
نواندنی داهێنەرانەی ئەفسانە و نەریتە نەتەوەییەکان
فێستیڤاڵی شانۆی کوردیی سەقز بە یەکێک لە گرنگترین رووداوە هونەرییەکانی شانۆ لە ناوچە کوردنشینەکان دادەنرێت، تاوەکو ئێستا 19 خولی بەڕێوەچووە و لە ئێستادا ئامادەکاری دەکرێت بۆ بیستەمین خولی فێستیڤاڵەکە، بەڵام هێشتا کاتی بەڕێوەچوونی بە فەرمی رانەگەیەندراوە.
دکتۆر قوتبەدین سادقی، خەڵکی شاری سنەیە و یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییە ئەکادیمی و هونەرییەکانی بواری شانۆ لە ئێران و کوردستان، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانکۆی سۆربۆنی فەرەنسا و کارنامەیەکی دەوڵەمەندی لە بواری نووسین، دەرهێنان و نواندندا هەیە، سادقی جگە لە شانۆ، وەک ئەکتەرێکی ناسراو لە سینەما و تەلەڤیزیۆنیشدا دەرکەوتووە.