وەک پێویست ئاو دابین ناکرێت

ڤۆڵتیەی کارەبا کێشەی بۆ پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە دروستکردووە

964+

عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ

کەمی ڤۆڵتیەی کارەبا گرفتی بۆ دابەشکردنی ئاوی پڕۆژەی گۆپتەپە دروست کردوە و بەهۆی دابەزین و لۆدی زۆر لەسەر کارەبا ناتوانن وەک پێویست ئاو دابین بکەن بۆ گوندنشینان.

بەرپرسێکی ئاوی سنوورەکەش دەڵێت، گرفتی سەرەکی نەبونی ئاونییە لە سنوورەکە بەڵکو  دورترین گوند لە زێی بچوکەوە تەنها پێنج کیلۆمەتری تەواویش نابێت ئەوەی لە پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە سودمەندە، بەڵام هۆکارەکەی کارەبایە نایەڵێت ئاو بڕوات.

هەڤاڵ جەمال بەرێوەبەری ئاوی ئاغجەلەر بە 964ـی وت، “شەو نییە ئێمە لەگەڵ کارمەندەکانماندا دەرنەچین بۆ ئەو گوندانە، تەلەفۆنمان بۆدەکرێت کاکە بێ ئاوین، ئێمەش سەرەڕای کاتی دەوامی فەرمیمان لەخەم و نیگەرانی ئەو گوندنشینانە تێدەگەین، زوو دەچین بەدەمیانەوە”.

وتیشی، بەشێکیان وادەزانن هۆکارەی ئەوانن ئاو بەرنادەنەوە، کاتێک دەچنە سەر قوفڵی ئاو بەردانەوەکان پێیان دەڵێن ئەوە حاڵەکەیە، بۆریەکە نیوەی ئاوەکەی پڕناکات ڤۆڵتیە دادەبەزێت ماتۆڕەکان ئیشناکەن.

“ئەو ماتۆڕانەی ئێمە دەیهێنین هەمووی زەمانی پێنج ساڵی لەگەڵدایە، بەڵام لای ئێمە ساڵێک ئیش ناکا دەسوتێت بەهۆی کزی کارەباوە” ئەو بەڕێوەبەرە وای وت.

سەرچاوەی ئاوی رەیسی نۆ گوند، تەنیا پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپەیە، پڕۆژەکە لە ساڵی 2000 بنیاد نراوە، لە ئێستادا بەهۆی نزمی ڤۆڵتیەی کارەباوە کێشەی بۆ دروست بووە لە دابەشکردنی ئاو بەسەر گوندەکاندا.

پێداچوونەوە: توانا نەقی