بارهەڵگریش دەتوانێت رێگەکە بەکاربهێنێت
پێشبینی دەکرێت تا ئێوارە رێگە جێگرەوەکەی خەلیفان تەواو بکرێت
ئاکام غەفور – سۆران
پێشبینی دەکرێت تا ئێوارەی ئەمڕۆ رێگە جێگرەوەکەی پردی زارگەلی خەلیفان تەواو بکرێت و ئەگەر ئەوە رووبدات، بۆ بەیانی هاتوچۆی بارهەڵگریش ئاسایی دەبێتەوە.
مەغدید ئەحمەد، قایمقامی خەلیفان لە رێگای 964 رێنمایی هاوڵاتیان و گەشتیاران دەکات ئەوەی کاری پێویستی نەبێت ئەمڕۆ خۆی لە رێگەی گەلی عەلی بەگ نەدات.
دەشڵێت، پێشبینی دەکەین رێگەی جێگرەوە ئەمڕۆ بکرێتەوە، بەڵام بارهەڵگر ئەمڕۆ رێگەی هاتوچۆیان نابێت و تاکو بەیانی ئەوانیش دەتوانن رێگە تازەکە بەکاربهێنن.
باس لەوەش دەکات، کە بەهۆی رووخانی پردەکەوە ئەمڕۆ هاتنی گەشتیاران بۆ سنوورەکە کەمی کردووە.
درەنگانی شەوی رابردوو، بەهۆی بارهەڵگرێکەوە کە باری ئاسنی پێبووە لە کاتی تێپەڕین بەسەر پردەکە بارەکەی کەوتووە و بەهۆیەوە بەشێک لە پردی زارگەلی لە رێگەی گەلی عەلی بەگ رووە و خەلیفان داڕما و هاتوچۆ کردن بەسەر پردەکە بۆ بارهەڵگران داخراوە و تەنیا رێگە بە تێپەڕینی ئۆتۆمبێلی بچوک دەدرێت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر