خانەقینییەکان بۆ گازوایل مانیان گرت
+964
راژان باجەلان
قەیرانی گازوایل لە خانەقین شوفێرانی بارهەڵگر و پاسەکانی هێنایەسەر شەقام و دەستیان بە مانگرتن کرد.
نزیكەی مانگێكە قەیرانی گازوایل بەرۆکی شوفێرانی بارهەڵگر و پاسەکانی لەشاری خانەقین گرتووە، شەونخونی شوفێران لەسەرەدا ئۆتۆمبێلەکانیانی تێر گازوایل نەکرد، ئەمەش شوفێرانی ناچار بە مانگرتن کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22.2.2023، نزیکەی 40 شوفێری بارگەڵگر و پاس و مینی پاس لەبەردەم بینای قایمقامیەتی خانەقین گردبوونەوە و رێگریشیان لە شێخ ئەحمەد زەرگۆشی، قایمقامی قەزای خانوقین بە وەکالەت گرت.
عەلی خەلیل، یەكێك لەمانگرتووانە بە تۆڕی964ـی وت، بێچاربووم و چیتر توانای کڕینی گازوایلم لەبازاڕ نەماوە و بۆ دەرناهێنێت.
زیاتر وتی “دەبێت رۆژانە 40 لیتر گازوایلمان پێ بدرێت، کەچی پێمان نادەن بەبیانووی ئەوەی بە بە جوتایرانی دەدەن”.
نرخی لیترێک گازوایل لەبازاڕ 1500 دینارە، بەڵام ئەوەی حکومی تەنیا 400 دینارە.
محەمەد نەوزاد، شۆفێرێكی تری مانگرتووە بە تۆڕی964ـی وت، بەچاوی خۆم تانكەرێکی 36 هەزار لیتریم بینی چووە ناو وێستگەکە، کەچی 50 بارهەڵگر و پاس گازەکەی وەرنەگرت، پێمان دەڵێن گاز نەماوە.
شێخ ئەحمەد زەرگۆشی، قایمقامی خانەقین بەوەكالەت بە تۆڕی964ـی وت، كێشەكە ئەوەیە ەبشی خانەقین زۆر كەمە، لەگەڵ ئەمەشدا لایەنی پەیوەندار سەرقاڵی نوێکردنەوەی مۆڵەتی وێستگەکانن و بەشی ئەو وێستگانە وەستاوە، ئەمە کێشەکەی گەورەتر کردووە.
زیاتر وتی “كێشە و گرفتەكان ئاراستەی موسەننا تەمیمی، پارێزگاری دیالە دەكەین و داواكارین بەزووترین كات چارەسەر بكرێت”.
پێداچوونەوەی: فەرمان سادق