250 كیلۆمه‌تر له كاتژمێرێكدا !
له عێراق به‌هۆى “لێخوڕینی شێتانه” ده‌ست به‌سه‌ر 210 ئۆتۆمبێلدا گیراوه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له عێراق ده‌ست به‌سه‌ر 210 ئۆتۆمبێلدا گیراوه، به‌هۆى ئه‌وه‌ى خێرایی لێخوڕینى ئۆتۆمبێله‌كان “شێتانه” بووه كه 250 كیلۆمه‌تر له كاتژمێرێكدا لێیان خوڕیوه، هاتوچۆش ده‌ڵێت، رێكارى یاسایی توند له‌به‌رامبه‌ر شۆفێره‌كان گیراوه‌ته به‌ر.
ده‌ست به‌سه‌رداگرتنى ئه‌م ئۆتۆمبێلانه له‌میانى به‌ڕێوه‌چوونى مه‌راسیمى زیاره‌تكارانه بۆ چله‌ى ماته‌مینى ئیمام حسێن، كه لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی ئه‌م مه‌راسیمه ده‌ڵێت، شۆفێره‌كان به خێرایی له‌راده‌به‌ده‌ر له كاتی زیاره‌تی ئه‌ربه‌عینیه‌دا ئۆتۆمبێله‌كانیان لێخوڕیوه.
عەمید میقداد میری، وته‌بێژی لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی بۆ زیاره‌تكاران بڵاویكردووه‌ته‌وه،به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی گشتی توانی له ماوه‌ی سه‌ردانی ئه‌ربه‌عینیه‌دا، ده‌ست به‌سه‌ر زیاتر له 210 ئۆتۆمبێلدا بگرێت كه شۆفێره‌كانیان به خێرایی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر و “شێتانه” لێیانخوڕیوه به‌جۆرێك خێراییه‌كانیان له نێوان 200 بۆ 250 كیلۆمه‌تر له كاتژمێرێكدا بووه.
وتیشی “ئه‌وه‌ى ئه‌م شۆفێرانه كردوویانه، مه‌ترسی راسته‌وخۆی بۆ سه‌ر سه‌لامه‌تی ژیانیان و ژیانی به‌كارهێنه‌رانی رێگاوبانه‌كان و زیاره‌تكاران دروستكردووه”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، به‌پێی رێسا كارپێكراوه‌كانی هاتوچۆ، رێوشوێنی یاسایی پێویست به‌رامبه‌ریان گیراوه‌ته‌به‌ر و داواشی له هه‌موو شۆفێران كرد خۆیان له له‌و جۆره خێراییه به‌دور بگرن و به ته‌واوی پابه‌ند بن به رێنماییه‌كانی هاتوچۆ و رێكاره‌كانی سه‌لامه‌تی، بۆ پاراستنی سه‌لامه‌تی و ئاسایشی هه‌مووان.