قوتابیەک لەشاخ هەڵدەدێرێت و گیان لەدەستدەدات

+964

مەجید بتوێنی – رانیە

هاوشێوەی رۆژانی رابردوو لەگەڵ قوتابییە هاوڕێکانی دوای دەوام بەچیای حاجیلە هەڵزنان، بەڵام ئەمجارەیان یاد وشیاری تەمەن 15 ساڵ لە شاخدا هەڵدێرا و گیانی لەدەستدا.

رووداوەکە دەمەو ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 21.2.2023 روویداوە، دوای ئەوەی یاد وشیاری قوتابی پۆڵی نۆیەمی بنەڕەتییە لە قوتابخانەی ماردینی بنەڕەتی تێکەڵاو، لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوپۆڵەکانی وەک رۆژانی رابردوو بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش بەچیای حاجیلە هەڵدەزنێن، بەڵام ئەمجارەیان یاد وشیار لە هاوڕێکانی دادەبڕێت و دواتر لە شاخ هەڵدەدێرێت و گیان لەدەستدەدات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی964، ئەو قوتابیانە ماڵیان لەپڕۆژەی نیشتەجێبوونی لوتکەیە کە دەکەوێتە نزیک چیای حاجیلە.

علی قادر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارشتانی راپەڕین بە تۆڕی964ـی وت، هاوڕێکانی دەگەڕێنەوە هەواڵی دابڕانی یاد دەدەن بە کەسوکاریان پاشان کەسوکاریان لەگەڵ خەڵکی گەڕەک دەچن بۆ چیای حاجیلە و سۆراغی دەکەن.

دەشڵێت: پاشان سەر لەئێوارە تیمەکانی بەرگری شارستانی ئاگادار دەکرێنەوە بەبوونی ئەم رووداوە، پاش گەڕان و پشکنین، ئەمشەو تەرمی یاد وشیار کە تەمەنی 15 ساڵانە قوتابی پۆلی نۆی بنەڕەتییە، بە مردوویی لەچیای حاجیلە دۆزرایەوە، دواتر تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی رانیە کرا.

پۆلیسی رانیە لەسەر رووداوەکە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی کردووەتەوە.
شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی964ـی راگەیاند: شوێنەواری کەوتن بەسەر جەستەی یاد وشیار دیاربوو، بەڵام وەک پۆلیس دۆسیەی لێکۆڵینەوەمان بۆ رووداوەکە کراوەتەوە، بەڵام تائێستا کەس دەستگیرنەکراوە .