52 ملیار دینار قەرز گەڕاوەتەوە خەزێنە
وەزارەتی دارایی: ترلیۆنێک دینار قەرزمان لای بازرگانانە
+964
فەرمان سادق
پارساڵ 52 ملیار دینار قەرزی ئاسانکاری گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و هەروەها بە بەهای 34 ملیار دیناریش موڵکی حکومی فرۆشراوە، هاوکات ترلیۆنێک دیناریش قەرز ماوەتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 21.2.2023، وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕی قەرزی گەڕاوەی بۆ خەزێنەی گشتی لەساڵی 2022 راگەیاند.
بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانیەکانی هەرێم بێت، بازرگانان و وەبەرهێنەران 375 ملیار و 444 ملیۆن و 189 هەزار دینار قەرزاری حکومەتی هەرێم بوونە، بەڵام بەهۆی دواکەوتنیان لەدانەوەی ئەوا 282 ملیار و 619 ملیۆن و 631 هەزار دینار سوود چووەتەسەر قەرزەکە و کۆی قەرزەکە بووەتە 658 ملیار و 63 ملیۆن و 820 هەزار دینار.
وەزارەتی دارایی دەڵێ، دوای گرتنەبەری رێوشوێن توانراوە 17 ملیار و 743 ملیۆن و 967 هەزار دینار بەشێوەی نەقد لەو پارەیە بگەڕێندرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی، کۆی ئەو قەرزەی لای بازرگان و وەبەرهێنەران ماوە بڕەکەی یەک ترلیۆن و 15 ملیار و 764 ملیۆن و 42 هەزار دینارە.
لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی هاتووە، وەزارەتی دارایی لەڕێی بانکەکانەوە دەستی کردووە بە تەملیک کردن و فرۆشتنی ئەو موڵکانەی بەبارمتە دانراون، لەم چوارچێوەیەشدا بە بەهای 34 ملیار و 153 ملیۆن و 80 هەزار دینار موڵکی بەبارمتە دانراو فرۆشراوە و حەوت موڵکی نوێش لەسەر بانکەکانی وەزارەتی دارایی تۆمار کراون.