964 چوار ژمارە مۆبایل بۆ سکاڵا لەسەر موه‌لیدەکان بڵاودەکاتەوە

11 خاوەن موه‌لیدە سزادران

964+
فەهمی نەبی

دوای نزیکەی ساڵێک لەوەستانی کارەکانیان، لیژنەیەی پشکنینی موه‌لیدەکانی هەولێر دەستیبەکار کردەوە و لەیەکەم هەفتەیدا 11 خاوەن موه‌لیدەیان سزادا.

لیژنەی پشکنینی موه‌لیدە ئەهلییەکانی هەولێر کە پێکدێت لەنوێنەری پارێزگا، ئەنجومەنی موه‌لیدە ئەهلیەکان و نوێنەری قایمقامییەت دەست بەکاربووەوە.

کاری لیژنەکە چاودێریکردنی لاوازی ڤۆڵتییە، پیسی دەوروبەری موه‌لیدە، بەکارهێنانی گازوایلی خراپ، کێبڵی خراپ، دەنگی بەرز و دوکەڵە.

قارەمان مەولود، سەرۆکی لیژنەی موه‌لیدە ئەهلیەکانی پارێزگای هەولێر، بۆ تۆڕی 964 قسەیکردووە دەڵێت: لە هەفتەی یەکەمی دەستبەکاربوونەوەیدا، دوو شەو دەرچوونمان هەبووە و پشکنین بۆ 17 موه‌لیدە کراوە، لەو ژمارەیەش تەنیا شەش موه‌لیدەیان گازوایلی پاکی بەکارهێناوە 11 موه‌لیدە لەسەر بەکارهێنانی گازوایلی خراپ سزا دران.
قارەمان مەولود ئەوەشی وت “سزاکە لەلایەن پارێزگاوە دیاریدەکرێت، بەڵام جگە لەو سزایە سەری مانگ لەژماردنی کاتژمێری کارپێکردن کەمتریان بۆ دەنوسرێت”.

تۆڕی 964 زانیویەتی ئەو شلە رەنگ رەشەی بەشێک لە موه‌لیدەکان بەکاریدەهێنن لەبازاڕدا پێیدەوترێت “رووناو” کە هەر بەرمیلێکی بە 120 هەزار دینارە، بەڵام نرخی بەرمیلێک گازوایل بە 210 هەزار دینارە.

خۆران تەحسین، سەرۆکی ئەنجومەنی موه‌لیدە ئەهلیەکان، لەبارەی بەکارهێنانی ئەو “رووناوە” بە تۆڕی964 وت، ئەو رووناوە بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە بەکاربێت، بەڵام بەشێک لەو موه‌لیدانە لەبەر هەرزانی بەکاریدەهێنن.

خۆران تەحسین، لەڕێگەی تۆڕی964ـەوە چوار ژمارە مۆبایل بڵاودەکاتەوە و داوا لە هاوڵاتیان دەکات ئەگەر موه‌لیدەی گەڕەکەکەیان ڤۆڵتیەی لاوازە یان هەر گلەییەکیان هەیە، ئەوا پەیوەندی بەو ژمارانەوە بکەن:
07514012525
07504680268
07504536541
07504722888