وەسێتی ئەنەس شەریفی پەیامنێری کەناڵی جەزیرە

“ئاگاتان لە دایکی ئازیزم بێت کە دوعاکانی ئەو وەک قەڵغان دەیانپاراستم”

ژووری هەواڵ

کە ئەم وشانەتان بیست ئەوە بزانن کە من نەماوم…. ئاگاتان لە فەڵەستین و کچ و کوڕەکەم و دایک و خێزانەکەم بێت
ئەمە دەقی وەسێتنامەکەی ئەنەس شەریفی پەیامنێری کەناڵی جەزیرەیە کە چوار مانگ لەمەوبەر نووسیویەتی و وەسێتی کردووە پاش مردنی بڵاو بکرێتەوە
ئەمە وەسێتنامەو دوا پەیامی منە.
ئەگەر ئەم وشانەتان پێگەیشت، ئەوە بزانن ئیسرائیل سەرکەوتوو بووە لە کوشتن و بێدەنگکردنم.
سەرەتا سڵاوی خواتان لێبێت و رەحمەت و بەرەکەتی ببارێت بەسەرتاندا، خوا ئاگادارە هەرچی هێزو توانام هەبوو خستبوومە گەڕ بۆ ئەوەی پاڵپشت و دەنگی رۆڵەکانی گەلەکەم بم، هەر لەو کاتەوەی چاوم بە ژیان هەڵهێنا لە کۆڵان و گەڕەکەکانی ئۆردوگای جەبالیا بۆ پەنابەران. هیوام ئەوە بووە خودا تەمەنم درێژ بکاتەوە تا لەگەڵ خانەوادە و خۆشەویستانم بگەڕێمەوە بۆ زێدی رەسەنی خۆمان، عەسقەلانی داگیرکراو “مەجدەل”، بەڵام ویست و فەرمانی خودا لە پێش هەر شتێکی دیکەوەیە.
ئازارم بە هەموو وردەکارییەکانیەوە چەشتووە، چەندین جار سوێی ئێش و تاڵاوی لە دەستدانم چەشتووە،سەرەڕای ئەوەش رۆژێک لە رۆژان لە گەیاندنی راستی وەک خۆی، بەبێ ساختەکاری و شێواندن، سڵم نەکردەوە. بەڵکو خودا شایەد بێت لەسەر ئەوانەی بێدەنگ بوون و بە کوشتنمان رازی بوون، ئەوانەی هەناسەکانیان لێ بڕیوین و تەرمی ئەو هەموو منداڵ و ژنە تەزوویەکی پیادا نەهێنان و ئەو کۆمەڵکوژییەیان رانەگرت کە زیاتر لە ساڵ و نیوێکە گەلەکەمان رووبەڕووی دەبێتەوە.
وەسێتتان بۆ دەکەم ئاگاتان لە فەلەستین بێت، گەوهەری تاجی موسڵمانان و لێدانی دڵی هەموو ئازادیخوازێکی ئەم جیهانە.
وەسێتتان بۆ دەکەم ئاگاتان لە خەڵکەکەی بێت، لە منداڵە ستەملێکراوەکان، کە تەمەن مەودای نەدان خەون ببینن و بە ئارامی و ئاشتی بژین. جەستەی پاکیان بە هەزاران تۆن بۆمب و مووشەکی ئیسرائیلی وردوخاش کرا، پارچەکانی جەستەیان بەسەر دیوارەکاندا پەرش و بڵاو بووەوە.
وەسێتتان بۆ دەکەم کۆت و بەندەکان بێدەنگتان نەکەن، سنورەکان نەتانبەستنەوە، ببنە پردێک بەرەو ئازادکردنی نیشتمان و خەڵکەکەی، تاکو خۆری کەرامەت و ئازادی لەسەر خاکە زەوتکراوەکەمان هەڵدێت.
وەسێتتان بۆ دەکەم ئاگاتان لە کەسوکارەکەم بێت،
ئاگاتان لەبینایی چاوم بێت (شام) کچە شیرینەکەم ، کە رۆژگار کۆمەکی نەکردم بیبینم گەورەبێت بەو شێوەیەی خەونی پێوە دەبینم .
ئاگاتان لە کوڕە ئازیزەکەم (سەڵاح) بێت، کە هیوادار بووم ببمە یارمەتیدەر و هاورێگای تا پشت ئەستوور بێت و باری شانم سووک بکات و پەیامەکە تەواو بکات.
ئاگاتان لە دایکی ئازیزم بێت کە بە بەرەکەتی دوعاکانی ئەو گەیشتمە ئەوەی پێی گەیشتم، دوعاکانی قەڵا و نووری رێگەم بوون. لە خودا دەپاڕێمەوە ئارامی بە دڵی ببەخشێت و لە جیاتی من باشترین پاداشتی بداتەوە.
ئاگاتان لە دایکی ئازیزم بێت کە دوعاکانی ئەو وەک قەڵغان دەیانپاراستم، ئاگاتان لە هاوڕێی ژیانم بێت، هاوسەرە خۆشەویستەکەم (بەیان) کە جەنگ بۆ رۆژ و مانگی درێژ لەیەکی کردین، بەڵام لەسەر پەیمانی خۆی مایەوەو وەک رەگی دار زەیتوون نەلەرزی.
کە جەنگ بۆ ماوەی چەندین رۆژ و مانگی درێژ لێکی دابڕین، بەڵام لەسەر پەیمان مایەوە، وەک قەدی دار زەیتوونێک چەستە و نەچەمایەوەو ئارامگر و خۆڕاگر بوو، لە غیابی مندا ئەمانەتەکەی بە هەموو هێز و باوەڕێکەوە هەڵگرت.
وەسێتتان بۆ دەکەم لە دەوریان کۆببنەوەو لە دوای خودای مەزنم ببنە پشت و پەنایان.
ئەگەر مردم، ئەوا بە سەربەرزی و جێگیری لەسەر بیرباوەڕەکەم دەمرم، خودا بە شایەد دەگرم کە من رازیم بە قەزا و قەدەری، باوەڕم بە دیداری هەیەو دڵنیام کە ئەوەی لای خودایە باشتر و بەردەوامترە.
خودایە، لە ریزی شەهیداندا وەرمبگرەو لە گوناهی پێشوو و داهاتووم خۆش بە و خوێنەکەم بکە بە نوورێک کە رێگای ئازادی بۆ گەل و خێزانەکەم رووناک بکاتەوە.
بمبوورن ئەگەر کەمتەرخەمیم کردبێت، دوعای رەحمەتم بۆ بکەن، چونکە من لەسەر پەیمان رۆیشتم و نەگۆڕام.
غەززەتان لەبیر نەچێت..
لە دوعای خێرو داوای لێخۆشبوون بێبەشم مەکەن.
ئەنەس جەمال شەریف