بەهۆی گەرما و وشکەساڵییەوە

سەدان ماسی لە سنووری سەید سادق مردار بوونەتەوە

964+

توانا نەقی

رووداوی سروشتی و گۆڕانکاری کەش و هەوا هەندێك جار دەبنە هۆی رووداوی جۆراوجۆر ئێستا بەهۆی گەرما و وشکە ساڵییەوە لەسنووری سەید سادق سەدان ماسی لە ناوچوون.

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاویکردەوە، بەهۆی وشکە ساڵی و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوەو  ژمارەیەکی زۆر لە ماسی لەناوچوون.

هەرچەندە لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سەیدسادقەوە بەردەوام چاودێری رووبەرە ئاویەکانی سنوورەکەیان دەکرێت و هەوڵی پاراستن و رزگارکردنی ماسیەکانی ئەو سەرچاوە و رووبەرە ئاویانە دەدرێت بەڵام لە ناوچوونی ماسیەکان هەر روویداوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە لایەن بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سەیدسادق لەو بابەتە دەرکەوت بەهۆی کەم بوونەوەی ڕرێژەی ئاوی بەنداوەکە و بەرزی پلەی گەرما سەدان ماسی لەناوچوون کە بە ماسی رەقە ناسراون.

دیمەنی ئەو ماسیانەی مردار بوونەتەوە: