بهرههمى رۆژانهى له كۆرمۆر 500 ملیۆنی تێپەڕاندووه
كۆمپانیای دانەغاز دهڵێت؛ لە گفتوگۆداین لەگەڵ هەرێمدا بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكانمان
964+
فهرهاد حهسهن
كۆمپانیای دانەغازى ئیماراتى رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی هەرێم له گفتوگۆدان بەمەبەستی پێدانی پارە و مسۆگەرکردنی دانەوەی قەرزەکانیان و دهشڵێت ئەمساڵ بەرهەمهێنان لە کێڵگەی كۆرمۆر لە رۆژێکدا 500 ملیۆن پێی سێجا غازی تێپەڕاندوە.
كۆمپانیاكه، ئەمڕۆ یەكشەممە لە راگەیەندراوێكدا، داهاتی کۆمپانیاكە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بڵاوكردووهتهوه كه گەیشتووهتە 171 ملیۆن دۆلار، بە بەراورد بە ساڵی رابردوە دابەزیوە كە 190 ملیۆن دۆلار بووە.
له بارهى هۆکارهكهشی ئاشكراى دهكات كه دابەزینی نرخی فرۆشتن و کەمبونەوەی بەرهەمهێنان لە وڵاتى میسر هۆكارهكهیهتى، بهڵام دهشڵێت لەبەرامبەردا بەهۆی بەرزبونەوەی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و باشتربونی نرخەکان، زهرهریان لە میسر قەرەبوو کرایەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، کارکردن لە پڕۆژەی فراوانکردنی “كۆرمۆر 250” بەردەوامە، کە کۆمپانیا و هاوبەشەکانی ڕێبازێکیان گرتەبەر، کە یارمەتیدەر بو لە خێراکردنی خشتەی کاتیی تەواوکردنی پڕۆژەکە. کاتێک دەکەوێتە کار، پڕۆژەکە 250 ملیۆن پێ سێجا گازی رۆژانە دەخاتە سەر توانای بەرهەمهێنان، کە کۆی بەرهەمی “پێرل پێترۆلیۆم” بە رێژەی 50% بەرز دەکاتەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو بەشداری دەکات لە بەهێزکردنی شلەی نەختینەیی و ئاستەکانی بەرهەمهێنانی “دانە غاز”.
لەبارەی كێڵگەی چەمچەماڵیشەوە چالاکییەکانی پەرەپێدانیان بەردەوامه لە چوارچێوەی پرۆگرامی وەبەرهێنان کە بەهاکەی 160 ملیۆن دۆلارە و کۆمپانیا لە سەرەتای ئەمساڵدا رایگەیاند بوو، لە ئێستادا کاری هەڵکەندن و ئامادەکردنی شوێنی تایبەت بە یەکەی تاقیکردنەوەی بەرهەمهێنانی فراوانکراو ئەنجام دەدرێت، بە ئامانجی بەدەستهێنانی بەرهەمی پێشوەختە کە دەگاتە 75 ملیۆن پێ سێجا گاز لە رۆژێکدا.
كۆمپانیاكه لەبارەی داهاتی نەختینەییشیەوە دەڵێت، کۆی گشتی ئەو پارانەی کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025ـدا وەریگرتوە، نزیکەی 120 ملیۆن دۆلار بووە، کە 103 ملیۆن دۆلار لە هەرێمی کوردستانی عێراق و17 ملیۆن دۆلار لە میسر بووە. هەروەها پشکی “دانەغاز” لە شایستە داراییەکانی لای هەرێمی کوردستان 71 ملیۆن دۆلار بووە.
“کۆمپانیا کارپێکەرەکان، بە نوێنەرایەتیی پێرڵ پترۆلیۆم، لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن، بەمەبەستی پێدانی پارە و مسۆگەرکردنی دانەوەی قەرزە دواکەوتوەکان، کە ئەوە کارێکی گرنگە بۆ دڵنیابون لە بەردەوامیی بەرهەمهێنان و زیادکردنی رێژەکانی، هەروەها پشتگیریکردنی وەبەرهێنانەکانی داهاتوو کە پێویستن بۆ پڕکردنەوەی خواستە زیادبووەکان لەسەر کارەبا” ئهمهش له راگهیهندراوهكان هاتووه.