لە سبەینێوە کاری تیادا دەکرێت

چیرۆکی تەواونەکردنی شەقامی مام جەلال لە کۆیە کۆتایی دێت

دەریا ئەحمەد – کۆیە

دوای هەشت ساڵ لە تێکچوونی، لە سبەینێوە و بۆ ماوەی سێ مانگ و رۆژانە 12 کاتژمێر کار لە شەقامی مام جەلال دەکرێت لە کۆیە و کۆمپانیایی جێبەجێکاری پڕۆژەکەش دەڵێت کەمتر لەو ماوەمان پێویستە و زووتر تەواوی دەکەین.

شەقامی فیدراڵی، کە لە کۆیە بە شەقامی مام جەلال ناسراوە، درێژیەکەی تەنها شەش کیلۆمەترە و هەشت ساڵە خەڵکی شارەکە گیرۆدەی ئەو شەقامە بوون و وەک چیرۆکێکی تاڵی لێهاتووە، ئەمجارە بڕیارە تا تەواوبوونی کارەکانی و کرانەوەی شەقامەکە، دەست لەکارکردن هەڵنەگرن.

تاریق حەیدەری قایمقامی قەزای کۆیە بە 964ـی وت، ئەوەندە باسی ئەو پڕۆژەمان کردووە و نەمان توانیووە تەواوی کەین، ئەمجارە هیچ ناڵێین و بە کردار دەیسەلمێنین و تەنها ئەوەندەتان پێدەڵێین کە لە سبەینێوە کارکردن لە شەقامەکە دەستپێدەکات.

ساڵی رابردووش شەقامەکە بۆ چەند مانگێک کاری تێدا کرا و دوواتر بەهۆی کێشە لە تەندەرەکەی دا، کۆمپانیایی جێبەجێکرا خرایە لیستی رەشەوە و کارەکانی وەستا، ئەمجار دراوە بە کۆمپانیایەکی تر کە ئەزموونی لە پڕۆژەی رێگاوبان لە ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراقیش هەیە و ئێستا کەرەستەکانی هێناوەتە سەر شەقامەکە و بڕیارە بە خێرای و فراوانی کار لە پڕۆژەکەدا بکات و کەمتر لەو ماوەی بۆی دانراوە کە سێ مانگە، زووتر کارەکان کۆتایی پێ بهێنێت و شەقامەکە بکاتەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی