حاجی كاروان لە تەكسی 964
هەست و سۆزی كورد بۆ غەززە زۆر لە هەستی خەڵكی فەڵەستین زیاترە
ژووری هەواڵ
حاجی كاروان، بانگخوازی ئایینی ئیسلام و سەرۆكی رێكخراوی بەختەوەری بۆ كاری خێرخوازی دەڵێت، ئەو هەست و سۆزەی خەڵكی كورد بۆ غەززە و خەڵكە ستەملێكراوەكەی هەیانە، فەڵەستینی و عەرەبەكان خۆیان نیانە.
حاجی كاروان بە دەم وەرگرتنی هاوكاری خەڵك بۆ غەززە و وەڵامدانەوەی دەیان تەلەفۆن، سەرنشینی ئەم هەفتەیەی تەكسی 964 بوو.
ئەو باسی لەوە كرد، بۆ رەزامەندی خوا كاری خێرخوازی دەكات و ئەمڕۆش نییە ئەو كارە دەكات و ساڵانێكە زۆرە خەریكی كاری خێرخوازییە.
حاجی كاروان باسی ئەوە دەكات كاتی خۆی لە ئەوروپا كۆمەكی بۆ خەڵكی كوردستان كۆكردووەتەوە.
ئەرسەلان عەبدوڵا پرسیاری ئەوەی لێدەكات، ئایا هاوكاری منداڵە نازدارەكان (بێ باوكەكان) دەكەن لەگەڵ هاتنەپێشی بابەتی كۆمەك بۆ غەزە لەم ئانوساتەدا، حاجی رایگەیاند، نایشارێتەوە كۆمەكی منداڵە نازدارەكان كەمی كردووە و ئەمساڵیش كێشەیان هەیە، بەڵام بەردەوامیشن لە هاوكاریی ئەوان.
هەروەها لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا كۆمەكی خەڵكی كوردستان بكرێت باشتر نییە لەو بارودۆخە سەختەی ئابووری، حاجی كاروان دەڵێت، بەردەوام هاوكاری خەڵكی خۆمان دەكەن و نەك هەر ئەوە، بەڵكو كێشەی كۆمەڵایەتی هاوڵاتییانیش چارەسەر دەكەن و دەیان كەسیان لە كوشتن و ئەنجامدانی تاوان رزگار كردووە.
گفتوگۆ و دەمەتەقێی زۆر هەیە لە پرۆگرامی تەكسی 964 و دەتوانن لە ڤیدیۆكەدا بینەری بن.