کەرکوک
دوو گەنجی کورد لەسەر ئاڵای ئەمریکا دەستگیر کران
کاروان ساڵحی-کەرکوک
بەهۆی هەڵکردنی ئاڵای ئەمریکا لەسەر ئۆتۆمبێلەکانیان دوو گەنجی کورد بە بڕیاری دادوەری ئێشکگر بە ماددەی 240 لە یاسای سزادانی عیراق دەستگیرکران.
عامڕ نوری وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک بە 964ـی وت، دوو گەنج بە ئۆتۆمبێلێک لە شەقامێکی کەرکوک سووڕاونەتەوە، دوای ئەوەی ڤیدیۆیان گیرا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، ئەم ئێوارەیە لەسەر بڕیارەر دادوەری ئێشککر هەردوو گەنجەكە دەستگیرکران، هەروەها دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکانیشیان گیرا لە لایەن بنکەی پۆلیسی میقدادەوە.
وتەبێژەکەی پۆلیس وتیشی، رۆژی یەکشەممە دەبردرێنە بەردەم دادوەر، ئەو دوو گەنجە بە بڕیاری ژمارە 240 کە تایبەتە بە سەرپێچی دەستگیرکراون، سزاکەیان بە کەفالەت و سزای دارایی ئازاد دەکرێن، وتیشی “لە یاسادا هاتووە جگە لە ئاڵای عیراقی ئاڵای هەموو وڵاتانی دیکە قەدەغەیە”.
بەپێی بەدواداچوونی 964، هیچ بڕگەیەك نییە لە یاسای سزادانی عێراقی كۆن و هەمواركراو، كە هەڵكردنی ئاڵای ئەمریكا قەدەغە بكات، بەڵام لە بڕگەیەكدا هاتووە كە سووكایەتی بە دروشم و ئاڵای هەر وڵاتێك بكرێ، سزای لەسەرە، جگە لەوە یاسای ژمارە 240 هیچ پەیوەندییەكی بەو بابەتەوە نییە.
بەپێ قسەی کەسێکی نزیک لەو دوو گەنجە بۆ 964، هۆکاری هەڵکردنی ئاڵای ئەمریکا لەلایەن ئەو گەنجانەوە، تەنیا بۆ نمایشی ئۆتۆمبێل بووە و هیچی تر، كە ئۆتۆمبێلەكانیان ئەمریكی بووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا