“زمانی کوردی له‌ پله‌ى 59مینى زمانه‌ زیندووه‌كانه‌”

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئه‌مڕۆ 21.2.2023 رۆژى جیهانى زمانى دایكە و به‌ پێى ئینسکلۆپیدیایه‌كى نێوده‌وڵه‌تیش زمانى كوردى له‌ ریزبه‌ندی 59مین زمانه‌ زیندووه‌كانه‌ زمانى چینییه‌كانیش زۆرترین كه‌س قسه‌ى پێده‌كات .

رێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی 1999 رۆژی 21 ی شوباتی ھەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیھانی زمانی دایک ناساند، ئەو رۆژەی وەک بیرھێنانەوەیەک بۆ قوربانیانی بەنگلادیش بە رۆژی زمانی دایک دیاریی کرد.

ساڵی 1952 ژمارەیەک قوتابی زانکۆی داکا دژی سیاسەتی یەکزمانی ناڕەزاییان دەربڕی، 11 کەس بەدەستی ھێزە ئەمنییەکانی پاکستان کوژران و ساڵی 1956 دەوڵەت بە ناچاری دانی بە زمانی بەنگالیدا نا.

ساڵی 2000 بۆ یەکەمجار یادی ئەم رۆژە مێژوویی و جیھانییە کرایەوە. یۆنسکۆ ھۆکاری ھەڵبژاردنی رۆژێکی جیھانی بۆ زمانی دایک، بۆ ھاوکاریکردنی فرەچەشنی و فرەڕەنگی زمان و کولتوورەکان گەڕاندەوە.

بەپێی ئینسکلۆپیدیای نیشتمانیی سوێدی بۆ ریزبەندی زمانە جیهانییەکان، لە جیهاندا 100 زمان زۆرترین خەڵک قسەیان پێدەکەن، كه‌ تێدا زمانى كوردی له‌ پله‌ى 59مین دێت.

لە جیھاندا 6 ھەزار و 700زمان ھەن، زۆریان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، بەھۆی ئەوەی پیتی نووسینیان نییە و تەنیا لە قسەکردندا بەکاردێن، 200 بۆ 500 زمانیش مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە، بەھۆی ئەوەی ناتوانن خۆیان لەبەردەم تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنەکان رابگرن، جگە لەو گرووپ و نەتەوانەی ژێردەستن و دەکەونە ژێر کاریگەریی نەتەوەی سەردەست.

هه‌ر بەپێی ئینسکلۆپیدیاكه‌، ئه‌و زمانانه‌ى له‌ جیهاندا به‌ زمانى زیندوو ده‌ناسرێن، بریتین له‌ زمانەكانى ( ماندراین، ئیسپانی، ئینگلیزی، هیندی، عەرەبی)، زمانێك زۆرترین قسه‌ى پێبكرێ زمانى ماندارینه‌، كه‌ زمانى چینییەکانە و 955 ملیۆن كه‌س قسه‌ى پێده‌كات.

زمانی کوردیش به‌پێی ریزبه‌ندییه‌ جیهانییه‌كه‌ى، له‌ پله‌ى 59مینى زمانه‌كانى جیهاندایه‌، كه‌ 21 ملیۆن كه‌س قسه‌ى پێده‌كه‌ن، كه‌ ده‌كاته‌ 0.31%  ـی دانیشتووانی جیهان.

به‌پێی ئاماره‌كانیش، لە ماوەی 70 ساڵی رابردوودا نزیكه‌ی 200 زمان له‌ناوچوون.