نوێترین ئامار

ئەمساڵ 43 کەس لە هەرێمى كوردستان خنکاون

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌پێی نوێترین ئامار له‌ماوه‌ى حه‌وت مانگى رابردووى ئه‌مساڵدا له‌هه‌رێمی كرودستان 43 گه‌نج له‌ناوچه‌ جیاوازه‌كان به‌ خنكان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

ئاماره‌كه‌، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێم بڵاویکردووه‌تەوە، ئاشكراشى ده‌كات كه‌ زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى خنكاون تەمەنیان لە 25 ساڵ کەمتر بووه‌.

به‌رگرى شارستانى هه‌رێم به‌ گرنگى ده‌زانێت دایک و باوکان بەهیچ شێوەیەک رێگە بە منداڵەکانیان نەدەن بچنە ئەم شوێنانە بۆ مەلەکردن لە زێ، رووبار، بەنداو، پۆند و گۆماوەکان، داواش لە گەنجان دەکات، دووربکەونەوە لە مەلەکردن، سروشتی ئاوەکان لە هەرێمی کوردستان شیاوی مەلەکردن نین و “سەلامەتی خۆتان لەهەموو شتێک گرنگترە”.

به‌پێی به‌داوداچوونه‌كانى 964، ته‌نیا لەم هەفتەیەدا و لە ماوەی سێ رۆژدا 10 کەس لە هەرێمی کوردستان لەکاتی مەلەکردن لەناو ئاو و رووبارەکاندا خنکاون.

سەرەتای ئەم هەفتەیە و رۆژی شەممە لە گەلی خنس لە قەزای شێخان و رووباری دلان لە قەزای مێرگەسۆر دوو گەنجی تەمەن 20 ساڵ و 29 ساڵ خنکان.

رۆژی یەکشەممە 3.8.2025 دوو کەسی دیکە لە قەزای خەبات و سەیرانگای ژاڵەناوی دەربەندیخان لەکاتی مەلەکردن و خۆفێنککردنەوە خنکان.

دوێنێ دووشەممەش 4.8.2025 لە رووباری خازر لە قەزای بەردەڕەش چوار کەس و لە پۆندی گوندی پریسـی پارێزگای هەڵەبجەش دوو کەسی دیکە خنکان.