"بەناوی سیحر و جادو پارەی لێ وەرگرتوون"
لە رانیە کەسێک هەڕەشەی لە 50 کەس کردووە؛ دەستگیرکرا
964+
شۆڕش قادری
لە رانیە کەسێک بەناوی سیحر و جادو پارەی لە 50 ژن و پیاو وەرگرتووە و دواتریش هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لە ژنەکان کردووە، ئاسایش دۆزییەوە و دەستگیری کرد.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، “رۆژی 17.7.2025 چەند هاوڵاتییەک سکاڵایان تۆمارکردووە لەسەر ئەوەی کە کەسێک لە چەند ئەکاونتێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی سیحر و جادوکردن، پارەی لە ژمارەیەک هاوڵاتی وەرگرتووە و دواتریش هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لە ژنەکان کردووە”.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین، لەسەر فەرمانی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە توانیان شوێنی تۆمەتبار دەستنیشان بکەن و لەچالاکییەکەدا تۆمەتبارێک دەستگیر بکەن کە ماوەی دوو ساڵە بەناوی سیحر و جادو، بەمەبەستی بەدەستهێنانی پارە هەڕەشەی لەچەندین ژن و پیاو کردووە.
“تۆمەتبار تەمەنی 25 ساڵە، دوای دەستگیرکردنی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین دەستبەسەر سەرجەم ئەکاونت و بەڵگە وێنە و ڤیدیۆکانیدا گیراوە”، ئاسایشی سلێمانی وادەڵێت.
لەئێستادا تۆمەتبار بەماددەی دوو لهیاسای قهدهغهكردنی خراپ بهكارهێنانی ئامێرهكانی پهیوهندیكردن ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکەی بەردەوامە.