لەئێستادا 15 مەترسێجا زیاتر لەوەى دەچێتە ناو بەنداوەکە بەردەدرێتەوە

لە عێراقەوە؛ لەسەر کەمیى بەردانەوەى ئاو داواى دورخستنەوەى بەڕێوەبەرى بەنداوى دوکان دەکرێت

+964

ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی

بەهۆی سكاڵایەكی سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی پەرلەمانی عێراق، بەتۆمەتی كەمی رێژەی بەردانەوە ئاو بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، داوای دورخستنەوەی بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان دەكرێت و ئەندامێكی کوردى لیژنەی سەرچاوە ئاوییەكانیش دەڵێت،” ئەو تۆمەتەی سەرۆكی لیژنەكەمان بێ بنەمایە و رەتیدەكەینەوە و مافی ئەوەی نییە ئەو داوایە لە سەرۆك وەزیرانی عێراق بكات”.

ئەو ئاوەی لە دەریاچەی دوكانەوە بەردەدرێتەوە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، تا باكوری شاری تكریت دەڕوات و وەكو سەرچاوەی ئاودێری سودی لێ وەردەگیرێت.

غەریب ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دوو شەممە، 4.8.2025 وەكو پشتگیری لە بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان، سەردانی بەنداوەكەی كردووە و بە 964ـی وت،”سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە پەرلەمانی عێراق، لە نوسراوێكدا داوای لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە كۆچەر ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان لە پۆستەكەی دوربخاتەوە، بە تۆمەتی كەمی بەردانەوى ئاو بۆ بەشەكانی ناوەڕاست و خوارووی  عێراق، بەڵام ئێمە وەكو ئەندامی ئەو لیژنەیە تۆمەتەكەی رەتیدەكەینەوە”.

دەشڵێت، فالح خەزعەلی كە سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی پەرلەمانی عێراقە، ئەو مافەی نییە ئەو داوایە لە سەرۆك وەزیرانی عێراق بكات، وەكو ئەندامی لیژنەكە، ئەگەر بەڕێوەبەری بەنداوەكە هەركەسێكی دیكەش بوایە هەمان پشتگیریمان دەكرد، لەبەرئەوەی بەپێی پێویست و رێژەی دیاریكراو ئاو بەردەدرێتەوە بۆ پارێزگاریكردن لە كەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەكە و كەمتەرخەمی تێدا نەكراوە.

” لەئێستادا و لەم دۆخی كەم ئاوییەی بەنداوەكەدا، رۆژانە بڕی 55 مەتر سێجا لە چركەیەكدا بەردەداتەوە، بەڵام ئەوان پێیان وایە ئەو بڕە زۆر كەمە و داوای بەشێكی زۆر زیاتر دەكەن”، غەریب ئەحمەد واى وت.

جەختیش دەکاتەوە، ئەگەر بابەتەكە لەسەر گەندەڵی بوایە، پشتگیرییان نەدەكرد، بەڵام كاتێك پەرلەمانتارێكی عێراق بە میزاجی خۆی پێی وابێت بەدڵی ئەو ئاوی پێویست بەرنەدراوەتەوە و داوای دورخستنەوەی بەڕێوەبەری بەنداوەكە بكات، “ئەوە قابیلی قبوڵ نییە”.

بەنداوی دوکان، گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە، 7 ملیار مەترسێجا ئاو دەگرێت، لە کۆتا هەفتەى تەمموزی 2025دا، ئاستی ئاوەکەى گەیشتۆتە 483.37 مەتر، لە کاتێکدا لە هەمان رۆژی ساڵی 2024دا، 498.78 مەتر بووە، بەمەش لەماوەى یەک ساڵدا ئاستى ئاوەکە زیاتر لە 15 مەتر دابەزیووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی توانای گلدانەوەی ئاو لە 3 ملیار  و 754  ملیۆن و 600 هەزار مەتر سێجاوە بۆ تەنیا 1ملیار و 447 ملیۆن مەترسێجا.

سەرەڕاى ئەوەى بە لەئێستادا 55 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا ئاو لە بەنداوەکەوە بەردەدرێتەوە بۆ خوار و ناوەڕاستى عێراق، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاوى هاتوو بۆ بەنداوەکە لە چرکەیەکدا تەنیا 40 مەتر سێجایە، بەمەش 15 مەترسێجا زیاتر لەو رێژەیەى دێتە ناو بەنداوەکە، بەردەدرێتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

لەیەک ساڵدا؛ بەنداوى دوکان و دەربەندیخان 47%ـى ئاو و 81%ـ...

لەیەک ساڵدا؛ بەنداوى دوکان و دەربەندیخان 47%ـى ئاو و 81%ـى بەرهەمهێنانى کارەبایان لەدەستداوە