سەرۆکى هەرێم لەبارەى کەیسى لاهور شێخ جەنگى:

پێویستى لە كاتى ياساييى خۆيدا و بەپێی رێکارە یاسایییەکان، دادگاکان بڕیاری خۆیان لەبارەی ئەم پرسەوە یەکلایی بکەنەوە

964+

وریا فەتاح

لەبارەى کەیسى لاهور شێخ جەنگى و رووداوەکانى لالەزار، سەرۆکایەتى هەرێم روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و جەخت دەکاتەوە کە پێویستى لە كاتى ياساييى خۆيدا و بەپێی رێکارە یاسایییەکان، دادگاکان بڕیاری خۆیان لەبارەی ئەم پرسەوە یەکلایی بکەنەوە.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2026/4/21 له‌ لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان،  دلشاد شەهاب، وته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان وتى،”ماوەیەکە لە دەزگاکانی راگەیاندنەوە دەربارەی رووداوەکانی مانگی ئابی ساڵی رابردوو کە لە لاله‌زارى شاری سلێمانی روویان دا، هەندێک بابەت سەبارەت بە هەڵوێستی جه‌نابى سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی دادگاییکردن و یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو تۆمه‌تبار و گیراوانەی لە دەرەنجامی رووداوەکان دەستگیر کراون، ورووژێندراون”.

“لێرەوە دەمانەوێت بۆ هەموو لايه‌ك روونى بکەینەوە، ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری پرسوڕا و بەدواداچوونی پێویستمان کرد. دیاره‌ که‌ به‌پێی یاسا بڕیاردان لە داوای گواستنەوەی کەیسێک لە دادگایەکەوە بۆ دادگایەکی تر، پرسێکی تەواو دادوه‌رييه‌ و لە تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتی دادوەرییە و دادگا پەیوەندیدارەکان یەکلای دەکەنەوە،” دڵشاد شەهاب واى وت.

لەبارەى هەڵوێستى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم، دڵشاد شەهاب وتى،” هەڵوێستەکە دووپاتکردنەوەی ئەوەیە کە دوور لە هەموو دەستتێوەردان و فشارێک، پێویستە هه‌موو کەیسێك بە رێڕەوی یاسایيی خۆی و لەسەر بنەما دروستەکانی دادگاییکردن بەڕێوە بچێت و پێویستە دەرفەتی بەرگریکردن و پاراستنی مافی تۆمه‌تباران و گیراوان بەپێی یاسا پارێزراو بێت. هەروەها دووپاتی دەکەینەوە کە ده‌بێ لە كاتى ياساييى خۆيدا و بەپێی رێکارە یاسایییەکان، دادگاکان بڕیاری خۆیان لەبارەی ئەم پرسەوە یەکلایی بکەنەوە”.

جەختیش دەکاتەوە کە سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک هه‌میشه‌ پارێزه‌ری یاسا و دامه‌زراوه‌کان دەبێت و پابەندە بە رێزگرتن لە بنەمای جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان و سه‌ربه‌خۆییی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری.