چیرۆکە دڵتەزێنەکەى بەردەڕەش
بۆ خۆفێنککردنەوە و نانى بەیانى چوون کەچى یەک بەدواى یەک خنکان
964+
هێڤى دێوالى- دهۆک
ئەم بەیانییە، لە سنووری قەزای بەردەڕەش و لە رووباری خازر رووداوێکی تا بڵێی دڵەزێن روویداوە و چوار گەنج بە جارێک خنکان، لەئێستادا تەرمەکانیان لە پزیشکى دادى دهۆکە.
رووداوەکە، کاتژمێر 7:00 لەسەر روباری خازر لەنزیک گوندی قایماوە روویداوە و چوار گەنج بەناوەکانی” ئەسما محەمەد تەمەن 22 ساڵ و محمود جەمال 21 ساڵ و بیلال کەمال 18 ساڵ و محەمەد کەمال 17 ساڵ لە رووباری خازر خنکان.
عومار شەهید مەسعود، دراوسێکى چوار کەسە خنکاوەکە لەبەردەم پزیشکى دادى دهۆک بە 964ـى وت،”وەک هەر خەڵکێکى تر بۆ نانى بەیانى و خۆفێنکردنەوە لەوێ بوون، بەڵام بەداخەوە ئەو کارەساتە روویداوە و هەرچواریان یەک بەدواى یەک خنکاون”.
وتیشى،”دوان لە خنکاوەکان براى یەکترین و دوو کەسەکەى تریش خاڵۆزایانن، دوو کەسى تریشیان لەگەڵ بوون، بەڵام ئەوان منداڵ بوون و سەلامەتن”.
هەرچەندە تائێستا چیرۆکى رووداوەکە روون نەبووەتەوە، بەڵام وەک ئەوەى دراوسێکەیان باسى دەکات، پێدەچێت یەکێکیان کەوتبێتە ئاوەکە و ئەوانى تر بۆ بەهاناوەچوونى خۆیان خستبێتە ئاوەکە و بەم شێوەیە یەک بەدواى یەک خنکابن.
ئەو باسى لەوەشکرد، حاڵى کەسوکاریان زۆر خراپە و کارەساتەکە گەورەیە،”وەکخۆم ناتوانم سەیرى کەسوکاریان بکەم ئەوەندە جەرگ سووتاون”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح