گومانیان كرد نەخۆش بووبێت

كێشه‌ى مرداربوونه‌وه‌ى کەڵەکێویەک لە گەرمیان گه‌یشته‌ دادگا

میلاد جەلال – گەرمیان

له‌ گوندی کانی ژاڵەى ناحیەی مەیدانی سەر بە ئیدارەی گەرمیان، چەند ھاوڵاتیەک کەڵەکێویەکی بێھێز دەبینن و لەکاتی رێکردندا بەربۆتەوە، دوای ئەوەی ئاویان پێداوە مرداربۆتەوە، پۆلیسی دارستانیش دەڵێت، گومان دەکەن نەخۆش بووبێت.

عەبدوڵا حوسێن، ئەو ھاوڵاتیەیە کە کەڵەکێویەکەی بینیوە بە 964ـى وت، ئه‌مڕۆ کاتژمێر نزیک 11:00ـی پێشنیوه‌ڕۆ بوو، خەریکی ئاوپێدانی ئاژەڵه‌كانیان بوون، کەڵەکێویەک ھاتبوە نزیکی گوندەکە، بێھێز دیاربوو لە کاتی رێکردن بەربوەوە.

وتیشی “چەند کەسێکی دیکەم لەگەڵ بوو بەخێرایی رۆشتین کەڵەکێویەکەم لەباوەش کرد و ھێنامەوە ماڵەوە ئاومان پێدا بەڵام دوای چەند خولەکێک مرداربویەوە”.

عه‌بدوڵا له‌گه‌ڵ هاوڕێكانى پەیوەندی بە ئاسایشەوە ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش ده‌چنه‌ لایان و کەڵەکێویەکەیان برد، ھیچ شوێنەوارێکی فیشەک یان برینداری بەجەستەی ئاژەڵەکە نەبووە، به‌ڵام زمانی ھەڵگەڕابوووه‌ بۆیه‌ ئه‌وان گومان دەکەن لە تێنوێتیدا واى به‌سه‌رهاتبێت.

بۆ بەدواداچونی زیاترى ئه‌م بابه‌ته‌، 964 پەیوەندی بە ھاشم عەلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی گەرمیان كرد، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، کاتێک ئاسایش کەڵەکێویەکەیان رادەستی ئه‌وان کردوە مرداربۆتەوە، دواتر دادوەریان له‌و بابه‌ته‌ ئاگادارکردووه‌تەوە.

به‌قسه‌ى هاشم عه‌لى، دادوەر بڕیاری دەرکردوە ئەگەر کەڵەکێویەکە شوێنەواری فیشەک بەجەستەیه‌وه‌ بێت، ئەوا لێکۆڵینەوە بکرێت لە بابەتەکە، به‌ڵام ئه‌وانیش دوای پشکنین ھیچ شتێکیان وایان نەبینیوە، وتیشی “دواتر بەفەرمانی دادوەر کەڵەکێویەکە لەناوبراوە، به‌ڵام ئێمه‌ گومان دەکەین بەھۆی نەخۆشیەوە مرداربووبێتەوە”.
پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن