رۆژێکى وەک پشوو بۆ ئێزدییەکان راگەیاند

سودانی: 89 پرۆژە بە 100 ملیار دینار لە شنگال جێبەجێ دەکەین

ژووری هەواڵ

سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە رێوڕەسمى 11مین ساڵیادى جینۆسایدى ئێزدییەکان لە بەغداد رایگەیاند، 89 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە شنگال جێبەجێ دەکەن کە زانکۆى شنگال لەخۆدەگرێت و تێچوویان 100 ملیار دینارە.

محەمەد شیاع سودانى، دەڵێت، وەزارەتی دارایییان راسپاردووە مامەڵەی قەرەبووی 19 هەزار خێزان رایی بکات و پارەکانیان بۆ خەرج بکرێت و چوارشەممەی مانگی نیسانی هەموو ساڵێکیش، کراوەتە پشوو بۆ جینۆسایدی ئێزدییەکان.

سودانى وتیشی، ئەو تاوانانەی بەرامبەر ئێزدییەکانی شنگال لە کوشتن و رفاندنی کچ و ژن و منداڵیان تووشی هاتوون، رەنگدانەوەی دڕندەیی داعش بووە، کە هیچ پەیوەندییەکی بە ئایینی ئیسلامەوە نییە.

سەرۆکوەزیرانى عێراق، راشیگەیاند، بەناوکردنى 14 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئێزدییان پەسەند کراوە و مۆزەخانەیەک و هۆڵێکی گەورەی پێشوازیی میوانانی نێودەوڵەتی بۆ ئێزدییەکان لە شنگال بونیاددەنێن.