"سێ رۆژی دیکەش بەردەوام دەبێت"

سێ رۆژە دوکەڵێکی ژەهراوی دەچێت بەسەر سۆران و رواندز

ئاکام غەفور – سۆران

ئاگری زبڵخانەی باپشتیان نزیکە لە کۆنتڕۆڵکردن بەڵام دوکەڵە ژەهراویەکە هەر بڵاودەبێتەوە بە ئاسمانی ناوچەکە و بەرگری شارستانیش دەڵێت، دوو بۆ سێ رۆژی تر دوکەڵەکە دەمێنێتەوە.

رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە 964ـی وت، “لە دوێنێ نیوەڕۆوە بە شۆفڵ زبڵ و خاشاکەکەمان بە خۆڵ داپۆشیوە، بەڵام ناتوانین لەوە زیاتر بکەین و ئەوەی لە توانای ئێمەدا بێت کردوومانە”.

وەک هاودیانی باسی دەکات، رەنگە دوکەڵی زبڵەکە دوو بۆ سێ رۆژی تریش بمێنێتەوە، ئەوان تەنها دەتوانن ئاگرەکە بکوژێنەوە و هیچ چارەیەک نییە بۆ نەمانی دوکەڵەکە.

ئاگری زبڵخانەکە دانیشتوانی سۆران و رواندزی هەراسان کردووە، بەشێک لە خەڵکیش شەوان ناتوانن موبەریدە لە ماڵەکانیان هەڵبکەن، بەهۆی ئەوەی بۆنی دوکەڵەکە دەچێتەوە ناو ماڵەکانیان.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری