هێشتا دەڤەری راپەڕین لە وشکەساڵی دەربازی نەبووە

964+
فەهمی نەبی

بەڕێوەبەری ئاوی دەڤەری راپەڕین دەڵێت، بۆ ئەوەی دەڤەرەکە لە وشکەساڵی دەربازی بێت پێویستە دوو هێندەی رێژەی ئێستا باران ببارێت، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا گرفتی کەم ئاوی هەیە و نزیکەی 400 ماڵ لە رانیە رۆژانە بە تانکەر ئاویان بۆ دەڕوات.

بەگوێرەی زانیارییەکان لە ئیدارەی راپەڕین، ئەو بارانەی ئەمساڵ باریوە بەشی زۆری نمە بووە و ئاوی ژێر زەوی سودی لێبینیوە.

سەلام عومەر بابەکر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین، بۆ تۆڕی 964 قسەیکرد، دەڵێت “لەئێستادا نزیکەی 450 ملیم باران باریوە، لە کاتێکدا ئەگەر ئەو دەڤەرە لە وشکەساڵی دەربازی بێت، پێویستی بە سەرووی 700 ملیم بارانە، ساڵی پار کەمتر لەو ستانداردە باریوە، گرنگە ئەمساڵ دوو هێندەی رێژەی ئێستا باران ببارێت بۆ ئەوەی مەترسی وشکەساڵی نەمێنێت”.

“تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوی دەربەند تا 20 ساڵی تر کێشەی ئاوی ئەو ناوچەیە چارەسەر دەکات” بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین وای وت.

پڕۆژەی ئاوی دەربەند، لە ساڵی 2005 بەردی بناغەی بۆ دانراوە، بەڵام تا ئێستا تەواو نەکراوە، نزیکەی شەش مانگە دەستکراوەتەوە بە تەواوکردنی پڕۆژەکە، بەتایبەت بۆ حاجیاوا و رانیە و چوارقوڕنە، پڕۆژەکە سێ هەزار مەتر دووجا ئاو هەناردە دەکات لە سەعاتێکدا.

تۆڕی 964 زانیویەتی ئەو ماڵانەی لە رانیە رۆژانە بە تانکەر ئاویان بۆ دەڕوات، ژمارەیان نزیکەی 400 ماڵ دەبێت، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین پشتڕاستی ئەو ژمارەیە دەکاتەوە و ئەوەش دەڵێت، هەر رۆژێک چوار بۆ پێنج هەزار لیتر ئاو بۆ ئەو ماڵانە دەڕوات، لە کاتێکدا پێشتر ئەو ژمارەیە سێ هەزار ماڵ بووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 20.2.2023 لاپەڕەی فەرمی (ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین) نووسراوی فەرمی بە واژۆی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، بۆ تەندەری تانکەری ئاوی ماڵان بڵاوکردووەتەوە، ئەوە هاتووە هەر کۆمپانیایەک دەیەوێت داواکاری پێشکەش بکات با فۆرمی تەندەر پڕ بکاتەوە.