ساتى ناردنى غاز لە تورکیاوە بۆ سوریا
بۆ کارەبا
تورکیا غازى ئازربایجانى گەیاندە سوریا
وریا فەتاح
تورکیا، هێڵی بۆری غازى سروشتیی تورکیا- سوریای کردەوە، کە لە رێگەیەوە غازى سروشتیی ئازەربایجان دەگوازرێتەوە بۆ سوریا بە مەبەستی کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا.
ئەلپئەرسلان بایراکدار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەکەدا رایگەیاند،”ئەم پڕۆژەیە نیشانەی دۆستایەتیی تورکیا و سوریایە لە بواری وزەدا، هیوا دەخوازم ببێتە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ هەردوو گەل و ئاشتی بۆ ناوچەکە.”
درێژى هێڵەکە نزیکەی 93 کیلۆمەترە و لە قەزای تورکئۆغڵوی مەرعەشەوە درێژ دەبێتەوە تا سنووری سوریا، کە تواناى هەیە لە قۆناغى یەکەمدا رۆژانە تا 6 ملیۆن مەتر سێجا غاز بگوازێتەوە کە ساڵانە دەگاتە نزیکەى 2 ملیار مەترسێجا.
وەزیرى وزەى تورکیا روونى کردەوە، لەرێگەى ئەم پڕۆژەیەوە دەتوانرێت سووتەمەنى بۆ وێستگەکانی کارەبا لە حەلەب و حومس دابین بکات کە بەهۆیەوە نزیکەی 1200 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت.
کارەبای پێویست بۆ نزیکەی 5 ملیۆن ماڵ لە سوریادا دابین دەکات
پڕۆژەکە کارێکى هاوبەشى ئازربایجان و تورکیا و قەتەر و سوریایە، بەشێوەیەک وەک ئەوەى بایراکدار باسى کرد، غازەکە لەلایەن کۆمپانیای سۆکاری ئازەربایجانییەوە دابین دەکرێت لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی لەگەڵ تورکیا، هەروەها سندوقی قەتەر بۆ گەشەپێدان پشتیوانیی گرنگی لە پڕۆژەکە کردووە.