قسەی ڤێتێرنەرییە

لە شارەزوور پێنج حاڵەت هۆکاربوون بۆ لەناوبردنی لاشەی ئاژەڵ

964+
ئەحمەد مستەفا

ڤێتێرنەری شارەزوور، سەرەڕای ئەوەی بە ئەرکی گرنگی پزیشکانی ڤێتێرنەری زانیوە کار بکەن بۆ سەرپەرشتی و پشکنینی ئاژەڵ لە کاتی کوشتار، پێنج هۆکاریش بۆ لەناوبردنی لاشەی ئاژەڵی نەخۆش خستووەتەڕوو.

خەمەکەی هەمووان، ئەوەیە بە سەربڕینەوە تا ئامادەکاری، گۆشتی ئاژەڵێکی تەندروست بخرێتە بازاڕەوە، ڤێتێرنەری شارەزوور وێنەی هەندێ لە ئاژەڵەکانی کوشتارگەی دسکەرەی بڵاوکردووەتەوە، کە لەلایەن ستافی پزیشک و کارمەندانی هۆبەکەیانەوە دوای پشکنین لەناوبراون.

لە بڵاوکراوەیەکدا کە 964 بینوویەتی، ڤێتێرنەری شارەزوور دەڵێ، لە کوشتارگەی قەزاکە، پێنج حاڵەتی باو هەبووە کە بەردەوام بوون بە هۆکاری رەتکردنەوەی لاشەی ئاژەڵە نەخۆشەکان، کە بەهۆیەوە ئەندامێک یان سەرجەم لاشەی ئاژەڵەکە لەناوبراوە.

لەوانە، (بوونی گرێ، ژەهراوی بوون، سیل، کرمی جگەر و زەردوویی لەگەڵ تێکچوونی کوالیتی گۆشتەکە)، بەو هۆکارانە پزیشکی ڤێتێرنەری بریاری لەناوبردنی داوە، کە ئامانجی سەرەکی رێگری بووە لە تەشەنەکردنی نەخۆشی تای خوێنبەربوون.