زانکۆی سلێمانی؛
دوای 11 خولەک بوومەلەرزەکەی روسیامان تۆمارکرد
964+
ئەحمەد مستەفا
یەكەی تۆماری بومەلەرزە لە زانكۆی سلێمانی دوای 11 خولەک و 42 چرکە، شەپۆلەكانی بوومەلەرزە بەهێزەكەی نیمچەدوورگەی كاماچكای روسیای تۆمار كرد، كە گوڕەكەی 8.8 پلەی رێختەر بوو.
زانکۆکەکە ئەوەی بە بڵاوکراوە راگەیاندووە، کە خاوەنی یەکەیەکی تۆماری بوومەلەرزەیە.
ئەم بوومەلەرزەیە، یەكێك بوو لە بوومەلەرزە هەرە بەهێزەكان لە مێژووی تۆماركراوی گوڕی بوومەلەرزە، وەك لە وێنەكەدا ئاماژەی پێكراوە شەپۆلەكە دوای ماوەی 11 خولەك و 42 چركە گەیشتووەتە یەكەی تۆماری بومەلەرزەکە.
یەكەی تۆماری بوومەلەرزە لە زانكۆی سلێمانی، یەكێكە لە وێستگەكانی تۆڕی بوومەلەرزەزانی میزۆپۆتامیا.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 30.7.2025، بە گوڕی 8.8 پلەی رێختەر، شەپۆلی سونامی بوومەلەرزەیی کە بەرزییەکەی لە سێ بۆ چوارمەترەوە بوو، بەشێک لە نیمچە دوورگەی کامچاتکای روسیای گرتەوە.
روسیا، ژاپۆن، ئەمەریکا و چەند وڵاتێک کە هاوسنوورن یان دەکەوێتە ناو زەریای هێمن، هۆشداریی سونامییان بڵاوکردەوە، دواتر دەستەی جیۆفیزیکی ئەکادیمیای زانستی روسیا پشتڕاستی کردەوە، بوومەلەرزەکە لە دوای بەهێزترین بوومەلەرزەی ساڵی 1952 بووە و شەپۆلی مەترسیداری سونامی بەدرێژایی کەناراوەکانی لێکەوتووەتەوە.
