لە سەربان کەوتووەتە خوارەوە
هاوڵاتیيەک لەکاتی چاککردنەوەی کارەبای ماڵەکەیان گیانی لەدەست دا
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
هاوڵاتییەکی گوندی بەراوچیلی لە خورماتوو لەکاتی چاککردنەوەی تاوەرێکی کارەبا لە سەربانی ماڵەکەیان تەزووی کارەبا لێی دەدات و دەکەوێتە خوارەوە و گیان لەدەست دەدات.
محەمەد زەید، ئامۆزای ئەو هاوڵاتییە بە 964ـی وت، ئامۆزاکەم کاتێک کارەبای ماڵەوەیان تێکچووە و بەمەبەستی چاککردنەوەی چووەتە سەر تاوەرێکی نزیک لە سەربانی ماڵەکەیان، لەکاتی چاککردنەوەدا تەزووی کارەبا لێی داوە و فڕێی داوەتە خوارەوە و کەوتووەتە سەر دیواری خانووەکەیان، بە کاریگەری تەزووی کارەباکە و کەوتنە خوارەوەی بە سەختی بریندار بووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
وتیشی، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە و بەهۆی کاریگەری تەزوی کارەباکە و پچڕانی دەماری “حەبل شەوکی” لە پشتی گیانی لەدەست دا.
هاوڵاتییەکە ناوی “نیهاد عاسی”ـە، پیشەی کارمەندی هێزە ئەمنییەکانە و تەمەنی 40 ساڵەو خێزاندارە و باوکی دوو کچ و کوڕێکە، دانیشتووی گوندی بەراوچیلیە لە خورماتوو.
پێداچوونەوە: هاوبەش