دیمەنێکی زنجیرەکە
درامایەک ناکۆکی نێوان شیعە و سونە تۆخ دەکاتەوە
+964
فەهمی نەبی
درامای (معاویەی بن ئەبی سوفیان)، لەلایەن وڵاتی سعودیەوە بەرهەمهاتووە و بڕیارە رەمەزانی ئەمساڵ لەسەر شاشەی MBC نمایش بکرێت، لە دوايین پۆستیدا لە هەژماری خۆی لە تویتەر، موقتەدا سەدر دەڵیت “دراماکە ناکۆکی سیاسی نوێ دروستدەکات، وا باشترە پەخش نەکرێت”.
دراماکە لە جۆری مێژووییە، لە وڵاتی تونس کاری وێنەگرتنی بۆ ئەنجامدراوە، تارق عریان دەرهێنانی بۆ کردووە و هونەرمەندی سوری لجین ئیسماعیل رۆڵی معاویە دەبینێت.
بەگوێرەی زانیاریەکانی پێگەی Series Mix تێچووی زنجیرەکە تا ئێستا 100 ملیۆن دۆلارە.
ناوەڕۆکی زنجیرەکە باس لە رووداوەکانی “ئاژاوە گەورەکە” دەکات، مەبەست لێی بارودۆخی دوای کوژرانی عوسمانی کوڕی عەفان، تا کوژرانی ئیمام حوسەین لە شاری کەربەلا، ناکۆکی لەسەر وەرگرتنی پایەی جێنشینی دروست دەبێت و بە هەزاران کەس لەنێوان معاویە و حوسێن کوژران.
لە نوێترین کاردانەوەدا، موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر و کەسایەتی ناسراوی شیعەی عێراقی لە هەژماری خۆی لە تویتەر نوسیویەتی “داوامان لە سعودیەی هاوڕێمان هەیە ئەو زنجیرەیە رابگرێت، چونکە ناکۆکی نوێی سیاسی بەدوای خۆی دەهێنێت، بۆ کەناڵی MBC وا باشترە ئەو زنجیرەیە پەخش نەکات”.
زنجیرەی (معاویەی بن ئەبی سوفیان)، ئەو ناکۆکیە مێژووییە باس دەکات کە لە رێگەی رووداوەکانەوە هەردوو مەزهەبی شیعە و سونە بەدرێژایی زیاتر لە هەزار ساڵ مێژوویەکی خوێناوی لەنێوانیان دەستپێدەکات.