"دادپەروەری دەستەبەر دەکات"

مانگی داهاتوو ناونووسین بۆ حەج دەبێتە دیجیتاڵی

ژووری هەواڵ

سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، ناونووسین بۆ پرۆسەی حەج، دەبێتە تەواو دیجیتاڵی.

هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک نووسیویەتی، ساڵانە نزیکەی 100 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان خۆیان بۆ پرۆسەی حەج ناونوس دەکەن.

دەشڵێت، ئەم پرۆسەی لە سەرەتای مانگی هەشتەوە دەبێتە پرۆسەیەکی تەواو دیجیتاڵی لەسەر بنەمای پێناسی دیجیتاڵی.

دەشڵێت، ئەو پرۆسەیە دادپەروەری و ئاسانکاری بۆ خەڵک دەستەبەر دەکات و یارمەتی وەزارەتی ئەوقاف دەدات، کارەکانیان بە ئاسانی جێبەجێ بکەن.

کاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، “سبەی یەکشەممە، لە ئەوقاف و بەرێوەبەرایەتی گشتی روونکردنەوە [لەسەر ئەو بابەتە] دەدرێت”.