فۆتۆ: سۆسیال میدیا
په‌رستگایه‌كى میتانییه‌كان لە شوێنی فڕۆكه‌خانه‌ى دهۆك دۆزرایه‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
هێشتا فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى دهۆك ته‌واو نه‌كراوه، به‌ڵام شوێنه‌وارى ئه‌و پارێزگایه په‌رستگایه‌كى سه‌رده‌مى میتانییه‌كانی لێ دۆزییه‌وه.
د. بێکەس بریفکانى، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری پارێزگای دهۆک، به تۆڕى 964ـى راگه‌یاند، ”لەناو ئه‌و زه‌ویه‌ى كه بۆ دروستكردنى فڕۆكه‌خانه‌ى دهۆك ته‌رخانكراوه، چه‌ند شوێنه‌وارێك دۆزراونه‌تەوه، گرنگترینیان په‌رستگایه‌كی میتانییه‌كانه و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 1350 – 1550 ساڵ پێش زایین”.
ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه، كۆی گشتى ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ى له‌ناو ئه‌و زه‌ویه‌ى فڕۆكه‌خانه دۆزراونه‌ته‌وه زیاتر له 10 شوێنه‌واری جیاجیان.
د. بێکەس بریفکانى، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، له ساڵی 2021 گرێبه‌ستێكیان له‌گه‌ڵ زانكۆیه‌كی ئه‌ڵمانى واژۆ كردووه بۆ ماوه‌ى پێنج ساڵ، بۆ ئەوەی لێكۆڵینه‌وه لە شوێنه‌وارى ئه‌و سنووره بكات، كه تائێستاش به‌رده‌وامه.
وتیشی، “ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ى له‌ناو زه‌وى فڕۆكه‌خانه دۆزراونه‌ته‌وه جگه له سه‌رده‌مى میتانییه‌كان ئه‌وانى تریش مێژووه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مى نه‌ینه‌وا 5 و تا كۆتایی سه‌رده‌مى عوسمانییه‌كان”.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری پارێزگای دهۆک، ئه‌وه‌ى ره‌تكرده‌وه كه به‌هۆى دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و ژماره شوێنه‌واره شوێنى زه‌ویه‌كه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى دهۆك بگۆڕدرێت، چونكه “ئه‌و زه‌ویه‌ى بۆى ته‌رخانكراوه زۆر گه‌وره‌یه، به‌ڵام هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك ببێته هۆی زیانگه‌یاندن به شوێنه‌واره‌كان ئێمه ئه‌و پڕۆژانه راده‌گرین، دڵنیاییمان وه‌رگرتووه كه ئه‌و شوێنه‌ورانه‌ى ناو فڕۆكه‌خانه پارێزراو ده‌بن”.