شوفێرێک دەسگیرکراوە

سلێمانی .. نەوتی ماڵان بە قاچاغچییان فرۆشراوە

+964

ئەحمەد مستەفا- سلێمانی

هەندێک لەو شۆفێرانەی كە نەوتی حكومەت دەگوازنەوە بۆ كۆگاكان بەشێكی دەدزن و بە قاچاخ دەیفرۆشنەوە، لەسەر ئەمەش شوفێرێک دەستگیر کراوە.

بەپێی سۆراغێکی پەیامنێری تۆڕی964، ھەر شۆفێرێکی تانکەری 36 ھەزار لیتری کە نەوتی سپی بایەعی پێدراوە و بەرامبەر ھەر 200 لیتر نەوت تەنیا 98 ھەزار دیناری لێوەرگیراوە بۆ ئەوەی بە 105 هەزار دینار بیدەن بە خەڵک، بەڵام بەقسەی سەرچاوە ئەمنییەکان بێت بەشێک لەو شۆفێرانە بەرمیلی نەوتەکە بە 120 بۆ 140 ھەزار دینار نەوتەکە بەقاچاغچییەکان دەفرۆشنەوە، ئەوانیش بەنرخی بازرگانی و بە 200 ھەزار دینار دەیفرۆشێنەوە.

بەوتەی سەرچاوە ئەمنییەکەی تۆڕی964، بنکەی پۆلیسی عەربەت توانیویەتی یەکێک لەشۆفێرەکان دەستگیربکات، سەرجەم شۆفێری تانکەرەکانی دیکەش ھەڵاتوون، بەڵام پۆلیس لەھەوڵی دەسکەوتنی سەرەداون تا شۆفێرەکانی تر و قاچاغچییەکانیش دەستگیربکەن.

پۆلیسی عەربەت توانیویەتی یەکێک لەشۆفێرەکان دەستگیربکات

ھاوکات سەرچاوەیەک لەکۆگای بەرھەمە نەوتییەکانی عەربەت، بە تۆڕی964ی وت “شۆفێرەکان لەلای کۆگاکەمان ناسراون و کوردن، ئێستا کە شۆفێرێکیان دەستگیرکراوە سەرقاڵی ئەوەین کۆی نەوتەکە بخەمڵێنین کە لەتانکەرەکەیدا فرۆشراوە بە قاچاغچییەکان”.

بەوتەی سەرچاوەکە لەلایەن بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەتەوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە و لیژنەیەش پێکهێنراوە لەنێوان بنکەی پۆلیسی عەربەت و بەڕێوەبەرایەتی ناحیەکە و کۆگای بەرھەمە نەوتییەکانی عەربەت، ھەوڵی دەستگیرکردنیان دەدرێت،بەڵام تائێستا نەتوانراوە قاچاغچییەکان بناسرێنەوە.

شۆفێرەکان لەلای کۆگاکەمان ناسراون و کوردن، ئێستا کە شۆفێرێکیان دەستگیرکراوە سەرقاڵی ئەوەین کۆی نەوتەکە بخەمڵێنین کە لەتانکەرەکەیدا فرۆشراوە بە قاچاغچییەکان

پەیامنێری تۆڕی964، پەیوەندی بە مقەدەم ئەرکان شێخ کەریم، بەڕێوەبەری پۆلیسی عەربەت کرد، بەڵام رەتیکردەوە لەسەر ئەو پرسە لێدوان بدات.

بەڵام سەرچاوەیەک لەھەمان بنکەی پۆلیس ئەوەی ئاشکراکرد، مامەڵەی ئەو شۆفێری تانکەرانە راستەوخۆ لەگەڵ ژمارەیەک قاچاغچی بووە، کە کۆبۆنی نەوتی ھاوڵاتیان کڕیوەتەوە و لەگەڵ شۆفێری تانکەرەکان رێککەوتوون بەنرخی حکومەت یان زیاتر نەوتیان پێ بفرۆشنەوە،تا قاچاغچییەکان نەوتە حکومییەکە بەنەوتی بازرگانی لە بازاڕدا بفرۆشنەوە و قازانج بکەن.

پێداچوونەوەی: فەرمان سادق