لەسەر ئاگرەکەی بەرزنجە کەسێکی دیکە دەستگیر کرا - وێنە؛ پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی
ژمارەیەکی زۆر داری سروشتی و 50 دۆنم رەز و باخ سووتان
لەسەر ئاگرەکەی بەرزنجە کەسێکی دیکە دەستگیر کرا
شۆڕش قادری
بەتۆمەتی نانەوەی ئاگرەکەی بەرزنجە لە سنووری سلێمانی کەسێکی دیکە دەستگیر کرا کە بەهۆیەوە نزیکەی هەزار و 500 دۆنم زەوەی، 50 دۆنم رەز و باخ و ژمارەیەک داری سروشتی سووتان.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، دوای ئەوەی دوێنێ ئاگرێك لە سنووری بەرزنجە و لە گوندەکانی چنارە و باساك کەوتەوە و کوژێنرایەوە، شەوی رابردوو جارێکی تر ئاگرەکە بەهۆی رەشەباوە سەریهەڵداوەتەوە و دواتر لە لایەن مەفرەزەیەكی بنکەی پۆلیسی دارستانی بەرزنجە و خەڵکی ناوچەکەوە، توانراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی ئاگرەکەوە ژماریەکی زۆر لە داری سروشتی و نزیکەی هەزار و 500 دۆنم لە پوش و پاوان و 50 دۆنمیش لە رەز و باخی هاوڵاتیان سووتاون.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەشڵێت، لەئەنجامی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، تۆمەتبارێکی تر دەستگیر کراوە کە پێشتریش بە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، کەسێک دەستگیر کرابوو، رێڕەوەی یاسایی لە دژی هەردوو تۆمەتبارەکە گیراوەتەبەر و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.