کارکردن لەرێگای کەلار دەربەندیخان دەستی پێکردەوە

964+

توانا نەقی

دوای 19 رۆژ وەستان لەکارکردن، جارێکی تر دەستکرایەوە بە دووسایدکردنی رێگای کەلار-دەربەندیخان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ 19.2.2023 بڵاویکردەوە، کارکردن لە دووسایدکردنی رێگەی کەلار–دەربەندیخان دەستی پێکردووەتەوە.

بڕیاردراوە مانگانە یەک ملیار دینار بۆ پرۆژەکە خەرج بکرێت و بەشێوەیەک هەفتانە 250 ملیۆن دینار دەدرێت بە کۆمپانیای جێبەجێکار.

بڕیاری دەستپێکردنەوەی کارکردن لەرێگاکە لەکاتێکدایە، پێشتر بەڵێندەر و کۆمپانیای جێبەجێکار رایانگەیاندبوو، چیتر کارناکەن تا پارەیان بۆ خەرج نەکرێت و ئەو پارەیە زیاد نەکەن.

پرۆژەکە تا ئێستا لە %57-ی تەواو بووە، پێشتر مانگانە تەنیا 200 ملیۆن دیناریان بۆ پرۆژەکە خەرج دەکرد.

پێشتریش سەرپەرشتیاری پرۆژەکە بە تۆڕی964ی راگەیاندبوو، ئەگەر مانگانە ملیارێک دیناریان بۆ خەرج بکەن، ئەوە لەماوەی هەشت مانگدا رێگەکە تەواو دەکەن.