پرۆسەی لەناوبردنی مین و تەقەمەنی لە پێنجوێن فۆتۆ: دەزگای مین
دەیانەوێ خەڵک ئاگاداربن
سبەینێ لە پێنجوێن مین و پاشماوە دەتەقێندرێتەوە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
سبەی چوارشەممە 23.7.2025، دەزگای مینی سلێمانی و تیمی مین هەڵگرتنەوەی پێنجوێن، تەقینەوەیەکی بەهێز ئەنجام دەدەن لە شاخی ناوشاخان و تەقینەوەکەش لە ناوبردنی پاشماوەی مین و تەقەمەنییە.
دەیانەوێ خەڵک و دانیشتووانی قەزاکە نەترسن و ئاگاداربن کە ئەوانن مین دەتەقێننەوە.
محەمەد ئیبراهیم، سەرۆکی تیمی مین لابەری دەستی پێنجوێن بە 964ی وت، سبەینێ لە پاش کاتژمێر 10:00 بەیانیی، ژمارەیەک مین و تەقەمەنیی و پاشماوەی جەنگی قەزاکە لە ناو دەبرێت هاوشێوەی هەفتەی رابردوو.
ئەوان مەبەستییانە، لە رێگەی 964 وە، دانیشتووانی قەزای پێنجوێن ئاگادار بکەنەوە، تا دڵەراوکێ و ترس بڵاو نەبێتەوە لە ناویان.
باسی لەوەشکرد، ئەو تەقینەوەی دەکرێت لەناوبردنی بڕێکی زۆر مینی دژەکەسیی و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی بەجێماوە لە کێڵگە مینەکان و شەڕگاکان.
محەمەد ئیبراهیم وتیشی، هەفتەی رابردووش نزیکەی 100 پارچە مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگیان لەناوبردووە و پێنجوێنیش لە کێڵگە میندا، پشکی شێری بەرکەوتووە و زۆرترین کێڵگە مینی تێدایە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا