چل رۆژ تێپەڕی

سبەی رۆحی رەنگەكانی “قەرەنی جەمیل” دەگەڕێتەوە

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی كوردستان، چلەی ماتەمینی هونەرمەندی شێوەكاری ناوداری كورد قەرەنی جەمیل رێكدەخات، هەر لە بۆنەكەشدا دوو كتێب بڵاودەكرێنەوە.

وەزارەتی رۆشنبیری لە رێگەی پۆستەرێكەوە رایگەیاند، سبەی چوارشەممە 23.7.2025 لە هۆڵی پێشەوا كاتژمێر پێنجی ئێوارە، رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی بۆ هونەرمەندی شێوەكار و ناودار قەرەنی جەمیل لە ژێر ناونیشانی “رۆحی رەنگەكان” سازدەكات و هاتنیش بۆ هەموانە.

هەروەها ئاماژە بەوە كراوە هەر لە رێوڕەسمەكەدا دوو كتێب بە ناونیشانەكانی “لیلە” و “كتێبی قەرەنی جەمیل” بڵاودەكرێنەوە و بە دیاری بە ئامادەبووان دەبەخشرێت.

قەرەنی جەمیل خەڵكی هەولێرە و یەكێكە لە هونەرمەندە ناودارەكانی كورد لە بواری شێوەكاری و نزیكەی 40 رۆژ لەمەوبەر بە نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.

پرۆفایلی قەرەنی جەمیل

لە ساڵی 1954 لە شاری هەولێر لەدایکبووە و دیارترین هونەرمەندی شێوەكاری كوردستان و هەولێرە.

لە ساڵی 1977 بڕوانامەی دیبلۆمی لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا بەدەستهێناوە.

ساڵی 1984 کۆرسی یەک ساڵەی (لیتۆگراف)ی لە ئیسپانیا تەواوکردووە.

یەکەمین پێشانگای تایبەتیی خۆی لە ساڵی 1977 لەهۆڵی (ئەیوبیە)ی شاری هەولێر کردووەتەوە.

بەشداریی زیاتر لە (40) پیشانگای هاوبەشدا کردووە لە (بەغدا، هەولێر، ئیتاڵیا، بەرشلۆنە، ئەلمونێیکەر، ڤالێنسیا، بڕۆکسل، کۆپنهاگن، هۆڵەندا و پۆڵەندا).

لە هەولێر گەلەریی تایبەت بە خۆی هەبوو، كە لە لایەن پارێزگای هەولێرەوە بۆی دابین كرابوو، پارساڵ لە 9.10.2024 گەلەرییەكە كرایەوە و ژمارەیەك تابلۆ و كارە هونەرییەكانی خۆی تێدا نمایش كردبوو.

سبەی رۆحی رەنگەكانی “قەرەنی جەمیل” دەگەڕێتەوە