سیستەمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری لە هەڵەبجە کەوتەکار - وێنە؛ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەڵەبجە
پێشتر لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ پەسەند کراوە
سیستمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری لە هەڵەبجە کەوتەکار
964+
شۆڕش قادری
سیستمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری تیۆری کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێم پەسەند کراوە، بەفەرمی لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەڵەبجە کەوتەکار و کارا کرا.
عەقید ئەحمەد حەمەئەمین وتەبێژی هاتوچۆی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 22.7.2025 بۆ یەکەمجار تاقیکردنەوەکانی تیۆری بۆ مۆڵەتی شۆفێری بەشێوەی ئەلیکترۆنی لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ئەنجامدرا”.
“فێرخوازانی دوو نووسینگە بەشداری تاقیکردنەوەکەیان کرد کە ژمارەیان 85 بۆ 90 کەس دەبوو و نزیکەی 70 کەسیان لە تاقیکردنەوەکە دەرچوون”، عەقید ئەحمەد وای وت.
ئەو زانیاریانەی پێویستە فێرخواز لەکاتی تاقیکردنەوەکان لێیان بەئاگا بێت؛
1- کۆی پرسیارەکان 25 پرسیارە، مەرجە لە 20 پرسیار دەربچێت، واتە فێرخواز ئەگەر تەنيا پێنج وەڵامی هەڵە بێت بە دەرچوو هەژمار دەکرێت.
2- ماوەی وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێک (یەک خولەکە) لە سەر کۆمپیوتەری بەردەست.
3- فێرخواز لە رۆژێکدا مافی هەیە تەنها یەک جار تاقیکردنەوە ئەنجام بدات.
4- ئەنجامی (دەرچوون و دەرنەچوونی) فێرخواز راستەوخۆ دوای تەواو کردنی تاقیکردنەوەکەی لە سەر شاشەی کۆمپیوتەری بەردەستی نیشان دەدرێت، و فێرخواز ڕاستەوخۆ دوای وەرگرتنی ئەنجام و دەرچوونی ئەتوانێت پەیوەندی بە نوسینگەکەیەوە بکات و ئاگاداریان بکاتەوە.
5- فێرخوازان گرنگه پێداویستیەکانی وەکو ( باجی نووسینگە، کارتی نیشتمانی رەسەن )ی پێبێت.
6- جیاوازی ئەم سیستمە ئەوەیە کە هەر کۆمپیوتەرێک لە هۆڵی تاقیکردنەوەکە پرسیارەکانی جیاوازترە لە کۆمپیوتەری تەنیشتی و پێش و دواوەی جێگەی فێرخوازەکە، ئەمەش بە مانای ئەوەیە بوار بۆ هیچ جۆرە گزییەک نامێنێتەوە.
7- گرنگە فێرخواز خۆی بەدوور بگرێت لە هەر جوڵە، قسە، یاخود ئاماژە یان هەرجۆرە کردارێکی نەشیاو لە ناو هۆڵەکە بەگشتی و بەرامبەر ئەفسەر و کارمەندی ناو هۆڵەکە یان لەگەڵ فێرخوازانی تر، سزا دەدرێت بە پێی ڕێنمایی بە ( راگرتنی ) سەرجەم کارەکانی بۆ ماوەی شەش مانگ.