دوای ساڵێک لەوەستانی کرایەوە
دهۆک.. لەمەبەدوا بەدڵی خۆت پسوولەی خۆراکەکەت بگوازەوە
+964
هیڤی دێوالی- دهوک
دوای ساڵێک لەوەستانی دەرگا بەڕووی هاوڵاتیانی دهۆک کرایەوە بۆ گواستنەوەی پسوولەی خۆراک.
لە ئەمڕۆوە یەکشەممە 19.2.2023، هاوڵاتیانی سنووری پارێزگای دهۆک بۆیان هەیە پسوولەی خۆراکیان لە ناوەندێکەوە بۆ ناوەندێکی دیکە بگوازنەوە.
بەپێی ئاماری کارتی نیشتمانی بێت لە دهۆک 227 هەزار و 481 سەرۆک خێزان لەسنووری پارێزگای دهۆک هەیە کە کۆی گشتیان دەکاتە ملیۆنێک و 308 هەزار و 62 کەس.
ئەو 227 هەزار و 481 سەرۆک خێزانە بەسەر قەزاکانی ناوەندی دهۆک، سێمێل، زاخۆ، شێخان، بەردەڕەش، ئاکرێ و ئامێدی دابەشکراون، هەروەها کۆی پارێزگای دهۆک بەسەر 14 بنکە دابەش، لەبنکەی 231 گەڕەکی بەرۆشک تاوەکو 244 لە بجیل.
قەیس وەیس، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی کەلوپەلی خۆراکی دهۆک بە تۆڕی964ـی وت، دەستکراوە بەپێدانی مۆڵەتی گواستنەوەی پسوولەی خۆراک بۆ ئەوانەی ماڵیان گواستۆتەوە، یان دەیانەوێت پسوولەی خۆراکیان لەبنکەیەک بۆ بنکەیەکی دیکە بگوازنەوە.
زیاتر وتی “ئەو کەسەی دەیەوێت پسوولەکەی بگوازێتەوە دەبێت نووسراوی قایمقامی دەڤەرەکەی خۆی بێنێت، لەگەڵ پسوولەی خۆراکەکەی و ناسنامەی باری شارستنای یان کارتی نیشتمانی”.
تۆڕی964، زانیاری ئەوەی لە بەڕێوەبەرایەتی کەلوپەلی خۆراکی دهۆک کە ساڵی رابردوو هیچ هاوڵاتییەک نەیتوانیوە پسوولەکەی لەناوەندێکەوە بۆ ناوەندێکی دیکە بگوازێتەوە، ئەو دەرفەتەی ئێستاش هەیە، دەرفەتێکی کراوەیە و ماوەی بۆ دیاری نەکراوە.
پێداچوونەوەی: فەرمان سادق