پیاوێک لە خورماڵ

کۆرۆناکە کردی بە بەرهەمهێنەری کوزەڵە

964+

ئەمەل ناجی – خورماڵ

فەرەیدون غەفار خەڵکی گوندی بانیشارە و دانیشتووی خورماڵە، باخێکی لە نزیک خورماڵ هەیە و میوە و بەرهەمی جۆراوجۆری تێدایە، ئاوێکی سازگار بەناو باخەکەیدا تێدەپەڕێت، ئەویش سوودی لەو ئاوە وەرگرتووە بۆ بەرهەمهێنانی کوزەڵە.

چیرۆکی کوزەڵەکەی فەرەیدون دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی کۆرۆنا، ئەو کاتەی زۆربەی کارو کەسابەتی خەڵک وەستابوو، بیر لەوە دەکاتەوە کە کارێک بکات هەم بژێوی ژیانی دابینبکات و هەمیش نزیکبێت لە حەز و سەلیقەی خۆیەوە، بۆیە وردە وردە کوزەڵە لە نزیک چەم و باخەکان بە بنەکەیەوە کۆدەکاتەوە و دەیهێنێت لە ناو ئاوی باخەکەیدا دەیچێنێتەوە.

لە ئێستادا بە درێژایی ئەو جۆگەلە ئاوەی بە ناو باخەکەیدا تێدەپەڕێت کوزەڵەی بەرهەمهێناوە، و کردوویەتی بە سەرچاوەی بژێوی بۆ خێزانەکەی،هەموو ئێوارەیەک دێتە باخەکەی و بەشێک لە کوزەڵەکە لێدەکاتەوە، و دەیباتە بازاڕی خورماڵ و دەیداتە سەوزە فرۆشەکان، و بەشێکی دیکەش دەنێرێتە هەڵەبجە و ساغی دەکاتەوە.

فەرەیدوون غەفار تەمەنی 40 ساڵە، سێ منداڵی هەیە و رۆژانە با ماتۆڕسکیلەکەی لە خورماڵەوە دەگاتە شوێن کارەکەی ئەو بە 964ی وت، کوزەڵەکەی بە نرخی کۆ، چوار دەسکی بە ھەزار دینار و بە رێژەی کەمیش زۆرجار سێ دەسکی دەدات بە ھەزار دینار، هەر بەوەش بژێوێ ژیانی دابین دەکات.

کوزەڵە گیایەکی خۆڕسکە و لە دەم چەم و ئاوی سازگار دەڕوێت، خۆی خۆڕسکانە زیاد دەکات، ئەکرێت بە بنەوە بگوێزرێتەوە و لە شوێنی دیکەدا بڕوێنرێت، سوودی تەندرووستی زۆری هەیە و لە کوردستاندا بە رێژەیەکی بەرچاو هەیە و خەڵکیش خواستێکی زۆری لەسەری هەیە، ئەوەی فەرەیدوون تامی توونە نەک شیرینە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

چیرۆکی ئەو پیاوەی گۆڕ بۆ تەرمە بێ کەسەکان هەڵدەکەنێ

چیرۆکی ئەو پیاوەی گۆڕ بۆ تەرمە بێ کەسەکان هەڵدەکەنێ