“ماتۆڕه‌كانی رێگه‌ی سەیدسادق و هەڵەبجە خه‌ڵكیان بێزار كردووه”
964+
زینوێ حه‌سه‌ن
رۆژانی هەینی بە سەدان ماتۆڕسوار لە شارە جیاجیاکانەوە دێنە سەر رێگەی جووتسایدە تازەکەی نێوان سه‌یدسادق و هەڵەبجە بۆ پێشبڕکێ و خۆنمایشکردن، ئه‌مه‌ش خه‌ڵكی بێزار كردووه.
به پێی به‌دواداچوونی تۆڕی 964، هاوڵاتیانی ئه‌و ناوچه‌یه له رێگه‌ی سۆشیال میدیاوه بێزاریی خۆیان له هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و ماتۆڕسوارانه ده‌ربڕیوه و داوای چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ماتۆڕسواره‌كان جووتسایدهكهیان قه‌ره‌باڵغ كردووه و كێشه‌یان بۆ رێگه‌كه دروست كردووه.
عەقید حەسەن عه‌بدوڵڵا، بەڕێوه‌بەری هاتوچۆی هەڵەبجە بە تۆڕی 964ی وت، ئەم جۆرە نمایشانە لە هەموو شارەکان دەکرێت، ته‌نیا لە رێگه‌ی جووتسایدی هەڵەبجە و سەیدسادق نییە.
“ئێمە لە رووی میلاکەوە ئیمکانیاتمان کەمە و ناتوانین وەک مەفرەزە بچین و رێگریان لێ بکەین، چونکە فریای ئەمانە ناکه‌وین، ئه‌مامه نەک هەینی، به‌ڵكو رۆژانی دیكه‌ش ئەم نمایشانە دەکه‌ن و لە شارە جیاجیاکانه‌وه دێن”. عه‌قید حه‌سه‌ن عه‌بدوڵلا وای وت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، ئه‌وان لەگەڵ لیژنەی ئەمنیی شاره‌كه‌یان بڕیارە چارەسەرێک بۆ كێشه‌كه بدۆزنه‌وه و ئه‌و جۆره نمایشانە ببەنە دەرەوەی شار.
له شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستانیشدا ماتوڕسوار و هه‌روه‌ها ئۆتۆمبێلیش له چه‌ند شوێنێك نمایشی ماتۆڕسوار‌ی و درێفت ئه‌نجام ده‌ده‌ن، كه ده‌یان جار رووداوی نه‌خوازراو و كێشه و ئاژاوه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا