لە کەمپی ئاوارەکانی سوریا لە باسرمە

منداڵێکی ساوا سووتا و گیانی لەدەستدا

ئاکام غەفور – سۆران

لە کەمپی ئاوارەکانی سوریا لە ناحیەی باسرمە، ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە و بەهۆیەوە منداڵێکی ساوای خێزانێکی رۆژئاوای کوردستان سووتا و گیانی لەدەستدا.

محەمەد ئامۆکەیی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی شەقڵاوە، بە 964ـی وت، “دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 18.7.2025 و لە سنوری ناحیەی باسرمەی سەر بە قەزای هەریر، ئاگر لە کەمپی ئاوارەکانی سوریا بەربووە و بەهۆی ئاگرەکەوە منداڵێکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان گیانی لەدەستداوە”.

“ناوی منداڵەکە ماسال عەلا یوسف و تەمەنی چوار مانگ بووە و جەستەی بەتەواوەتی سووتاوە”، محەمەد ئامۆکەیی وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هۆکاری ئاگرەکە شۆرتی کارەبا بووە، تەرمی منداڵەکەش، دوای گەیاندنی بە فریاکەوتنی نەخۆشخانەی هەریر، بۆ توێکاری بەڕێکراوە بۆ پزیشکی دادی هەولێر.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری