لەكاتی ئەركەكەیدا ئۆتۆمبێلێك شێلاوێتی
پۆلیسێكی هاتوچۆی ناسراوی شاری كەركوك گیانی لەدەستدا
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
مفەوز زیاد شاکر، ناسراو بە مفەوز زیاد ئەبو شوارب، کارمەندی پۆلیسی هاتوچۆی شارى کەرکوک، دواى ئەوەی لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەركەكەيدا ئۆتۆمبێلێك خۆی پێیدا دەكێشت و دوو هەفتە لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە، ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.
دوو هەفتە لەمەوبەر، مفەوەز زیاد، سەرقاڵی رێکخستنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و دانانی هێماکانی هاتوچۆ بوو، بۆ ئەوەی رووداوی هاتوچۆ روونەدات، بەڵام ئۆتۆمبێلێک خۆی پێيدا دەکێشێت و بەسەختی برینداری دەکات.
ئوسامە خالید، کارمەندی بەشی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆى كەركوك بۆ 964ـی دەگێڕێتەوە، كه له ماوەی دوو هەفتە بەر لەئێستاوه، تیمێکی ئەندازیاری و کرێکار، سەرقاڵی ئەنجامدانی پرۆژەی پردێکن، لە نزیک سێکانیان لەسەر رێگای کەرکوک بۆ هەولێر، لەكاتێكدا مفەوەز زیاد خەریكی بەجێگەیاندنی ئەركی خۆی بووە، ئۆتۆمبێلێک لێیداوە و بەسەختی برینداريكردووه و دوای مانەوەی بۆ نزیکەی دوو هەفتە لە نەخۆشخانە ئەمڕۆ هەینی گیانی لەدەستدا.
“مفەوز زیاد یەکێک بوو لە ماتۆسوارەکانی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی کەرکوک و هەرچی شاند و کەسایەتێکان سەردانی کەرکوکی بکردایە ئەو بە ماتۆڕەکەی لە پێشی کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیان رێی دەكرد”.
پێداچوونەوە: محەمەد فاتیح